شارپرێس:
بانكی ناوەندی عێراق بانكەكانی ڕاسپارد كە هەژمار بۆ بزنس و بازرگانە بچووكەكان بكەنەوە و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی دەرەكیش بكەن.
لە میانی دیدارێكدا نزار ناسر حسێن پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ بانكی TBI و بانكە تایبەتەكان ڕێنمایی سەرجەم ئەو بانكانەی كرد كە لە عێراق كار دەكەن، هەژماری بانكی بۆ بازرگانە بچووكەكان بكەنەوە و خۆیان لە ڕەتكردنەوە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بانكییەكانیان بەدوور بگرن.
جەختیشی لەوە كردەوە كە بانكی ناوەندی ڕێوشوێنی چاودێری دەگرێتەبەر و سزای دارایی بەسەر ئەو بانكانەدا دەسەپێنێت كە دەركەوتووە سەرپێچی ڕێنماییەكان دەكەن یان بە ئەنقەست ڕێگری لە مامەڵەكردن یان مامەڵەی بازرگانەكان دوادەخەن. هەروەها داوای كارئاسانی ڕێكارەكانی كردنەوەی هەژمارەكان و كاراكردنیانی كرد، هەروەها ئاسانكاری بۆ حەواڵەكردنی دەرەوە و بەهێزكردنی دەسەڵاتی بانكەكان لە جێبەجێكردنی ئەو حەواڵانەدا، لەگەڵ ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق پابەند بووە بە پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە.
لەو چوارچێوەیەدا بانكی ناوەندیی عێراق داوا لە هەموو ئەو بازرگانانە دەكات كە مەرجەكانی كردنەوەی هەژمار و ئەنجامدانی حەواڵەی دەرەكییان تێدایە و ڕەتكراونەتەوە و مامەڵەكانیان دواكەوتووە، یان بەبێ پاساوی ڕەوا گواستنەوەكانیان ڕێگری لێكرابێت، سكاڵاكانیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی فەرمی سكاڵاكانی بانكی ناوەندی عێراقەوە پێشكەش بكەن. ئەمەش ڕێگە بە بانكەكە دەدات ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و بەدواداچوون لەگەڵ بانكە پەیوەندیدارەكان بكات. ئەم ڕێنماییانە لە چوارچێوەی سیاسەتی بانكی ناوەندیدا دێن كە ئامانجی فراوانكردنی بازنەی مامەڵەكانە لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانی بانكی و دەستەبەركردنی دەستڕاگەیشتنێكی دادپەروەرانە بە خزمەتگوزارییە بانكییەكان.
