شارپرێس:
دوای زنجیرە هەنگاوو قایمکارییە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی بۆ داخستنی سنورەکانو بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت، دواجار تاران خۆی پێنەگیراو بەئاشکرا دژی هەوڵەکانی بەغدا هاتەدەنگ؛ ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردو داوای لێکرد، لەسەر سنورەکان وریابێتو ڕێگەنەدات ببێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ.
محەمەد موخبیر ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردو داوای لێکرد لەسەر سنورەکانی وریا بێتو ڕێگەنەدات ببێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەم لێدوانەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتەکانی بەغدا بۆ قایمکردنی سنورەکانو ڕێگریکردن لەبەقاچاخبردنی نەوت.
ئەمڕۆ شەممە محەمەد موخبیر لەپەیامێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، "چارەنوسی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بنەمایەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەو تاران لەسەختترین بارودۆخەکاندا لەتەنیشت گەلی عێراق وەستاوەتەوە".
موخبیر جەختیکردەوە، ئەم پەیوەندییە وا لەبەغدا دەخوازێت لەسەر سنورەکانی چاوکراوەو وریابێتو بەڕاشکاویی هۆشداریدا کە عێراق ڕێگە بەخۆی نەدات ببێتە "ئامراز یان هۆکارێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ترەمپی تاوانبار".
ئەم کاردانەوەیەی بەرپرسە باڵاکەی ئێران دوای هەنگاوە توندەکانی حکومەتی عێراق دێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکانو بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت، هەر ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "بۆ یەکەمجار کارەکانی دروستکردنی قایمکاریی ئەمنیی تەواوەتی لەهۆڕی حەوێزە لەسەر هێڵی سنوریی نێوان عێراقو ئێران بەردەوامن".
سنووری نێوان عێراقو ئێران درێژترین سنوری وشکانییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو هۆڕی حەوێزەش بەدرێژایی زیاتر لە 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە نێوان هەردوو وڵات، پێشتر بنکە سنورییەکانی عێراق چەند کیلۆمەترێک لەدوای ئەو هۆڕەوە بون، ئەمەش وایکردبوو قاچاخچییەکانو دزەکاران بۆ کاری نایاسایی سودی لێوەربگرن، لەئێستادا هێزەکانی پاسەوانی سنور بەربەستێکی خۆڵییان بەبەرزیی چەند مەترێک دروستکردوەو دەستیان بەدانانی قایمکاریی ئەمنی کردوە لەسەر هێڵی سفری سنوری نێوان عێراقو ئێران.
