دوای هاتنەسەرهێڵی ئێران؛ لەبەغدا کۆدەنگییەکی شیعی بۆ ڕاگرتنی فشارەکان لەسەر هەرێم‌و ڕێککەوتن لەگەڵ کورد دروستدەبێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 18713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، دوای هاتنەسەرهێڵی ئێران‌و ناردنی پەیام بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆدەنگییەک لەناوماڵی شیعیدا دروستبوە بۆ ڕاگرتنی فشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان‌و ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی جورف سەخر؛ سەرچاوەکانیش ئاشکرایدەکەن، دڵنیایی دراوەتە کوردو دوای کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژی سێشەممە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ڕوو لەهێوربونەوە دەکەن.


«سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغداوە تایبەت بەشارپرێس-ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئێران لەگەڵ لایەنە شیعییەکان گفتوگۆی کردوەو پەیامی بۆ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردوە، کۆدەنگییەک لەناوماڵی شیعیدا دروستبوە کە چیتر فشار لەسەر هەرێم دروستنەکرێت‌و هەوڵبدرێت هاوشێوەی دۆسیەی جورف سەخر ڕێککەوتنێک بکرێت کە شکۆو بەرژەوەندیی هەردولا بپارێزێت.

سەرچاوەکەی شارپرێس ئاشکرایکرد، زۆرینەی لایەنە شیعییەکان لەگفتوگۆکانیاندا جەختیان لەوەکردوەتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان کوردو شیعە بنەمای عێراقی نوێیە؛ ئاماژەیان بەوەشداوە، هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 2003وه‌ پاڵپشتێکی گەورەی شیعە بوەو کورد ڕۆڵێکی سەرەکی لەبونیادنانی عێراقی نوێدا هەبوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ شارپرێس، ئەگەرچی ڕەنگە لەڕوی میدیاییەوە لەم چەند ڕۆژەدا فشارەکان بەردەوامبن، بەڵام بەڕێگەی جیاواز دڵنیایی دراوەتە کورد کە دۆخەکە بەرەو چارەسەر دەڕوات‌و دوای کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژی سێشەممە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر ڕوو لەهێوربونەوە دەکەن‌و لەڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەردەکرێن.

لایەنە شیعییەکان بڕیارەکەی کوردیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵسەنگاندوەو پێیانوایە، پێویستە عەلی زەیدیش بەهەمان ئاراستە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات؛ بەجۆرێک داواکارییەکانی لەڕێگەی گفتوگۆو ڕێککەوتنەوە جێبەجێبکات، نەک بەفشاری میدیایی، باسکردن لەهێزی سەربازیی‌و ڕێکاری توندی یاسایی.

لەکۆتاییشدا داوا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە کە هەنگاوەکانی بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەقاچاخبردنی نەوت‌و دەروازە سنورییەکان، لەچوارچێوەی بنەما دەستورییەکان‌و بەهەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات.