وەزیری تەندروستیی له‌باره‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كى مه‌ترسیدار ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3296 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای دروستبونی شەپۆلێک لەترس‌و دڵەڕاوکێ‌و دەنگۆی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن، عەبدولحوسێن موسەوی وەزیری تەندروستیی عێراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە، بڵاوبونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشکی بەتەواوی ڕەتکردەوەو هۆشداریی لەگەورەکردنی میدیایی دۆخەکەدا؛ هاوکات ئاشکرایکرد، پشکنینە تاقیگەییەکان دەریانخستوە 90٪ی مردوەکانی پارێزگای واست، بەهۆی هەوکردنی مێشکەوە بوە نەک هەوکردنی پەردەی مێشک.


عەبدولحوسێن موسەوی وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەوڵاتدا نەبوەتە پەتا، جەختیکردەوە، بەکارهێنانی وشەی (پەتا) پێوەرە زانستی‌و نێودەوڵەتییە توندەکانی دەوێت؛ ئاشکراشیکرد، نزیکەی 90٪ی ئەو 15 حاڵەتەی گیانلەدەستدان کە لەپارێزگای واست تۆمارکراون، هۆکارەکەی هەوکردنی مێشک بوە نەک هەوکردنی پەردەی مێشک.

موسەوی لەکۆنگرەكه‌دا لەگەڵ وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا، کۆبونەوەی گشتگیری لیژنەی نیشتمانیی تەندروستیی یەکگرتوو بەئامادەبونی مامۆستایانی پسپۆڕ لەنەخۆشییە گواستراوەکاندا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی‌و کاریگەریی گەورەکردنی میدیایی لەسەر دۆخی گشتیی وڵات تاووتوێکردوە.

وتیشى، "هەوکردنی پەردەی مێشک لەو نەخۆشییانەیە کە مانگانە بەشێوەیەکی ئاسایی حاڵەتی تێدا تۆماردەکرێت، ئەمساڵ لەعێراق بەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نزیکەی چوار هەزارو 300 حاڵەتی گومانلێکراو تۆمارکراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو چوار هەزارو 200 حاڵەت‌و لەساڵی 2023شدا شه‌ش هەزارو 200 حاڵەت تۆمارکرابون".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق به‌فه‌رمى ئاشكرایكردبوو، ساڵی 2024 ژماره‌ى توشبوان سێ هه‌زارو 948 توشبوو هه‌بوه‌، له‌2025 ژماره‌كه‌ زیادیكردوه‌ بۆ چوار هه‌زارو 129 كه‌س‌و ئەمساڵیش تائێستا چوار هەزارو 358 توشبوو تۆمارکراون.

سەبارەت بەدۆخی پارێزگای واستیش، موسەوی ئاشکرایکرد، زیاتر لە92٪ی حاڵەتە تۆمارکراوەکان تەنها حاڵەتی گومانلێکراو بون، پشکنینە تاقیگەییەکان دەریانخستوە کە نزیکەی 90٪ی ئەو 15 حاڵەتەی گیانلەدەستدان لەو پارێزگایەدا بەهۆی هەوکردنی مێشک (التهاب الدماغ)ەوە بوە نەک هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب السحایا)، ئه‌وه‌ش جیاوازییەکی پزیشکیی گەورە لەنێوان ئەو دوو نەخۆشییەدا هەیە.