دوای گۆڕانکارییە ئەمنییەکان له‌لایه‌ن زه‌یدیه‌وه‌ كورد دوو پۆستی باڵاو هەستیاری ئەمنی وه‌رده‌گرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای زنجیرە گۆڕانکارییە ئەمنییەکان‌و دورخستنەوەی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنی لەکەرکوک لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق‌و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوو پۆستی زۆر هەستیارو گرنگی ئەمنییان لەسنوری کەرکوک‌و نەینەوا بەفەرمی سپارد به‌دوو ئەفسەری کورد؛ ئەوانیش فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک‌و فه‌رمانده‌ى لیوای یەکی پۆلیسی نەوت‌و گازن.


بەفەرمانی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، عەمید عیماد ئەڵماس حەمید تاڵەبانی وەک فەرماندەی نوێی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک دەستنیشانکراو بەفەرمی دەستبەکاربوو.

فەریق سەعد مەعن سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لەنوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەفەرمی دانانی عەمید عیماد ئەڵماسی ڕاگەیاندو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەچەسپاندنی سەروەریی یاساو پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی کەرکوکدا، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ناوبراو شوێنی لیوا فەتاح خەفاجیی گرتوه‌ته‌وه‌ کە پێشتر بەهۆی دۆسیەی دزینی نەوتەوە لەپۆستەکەی دورخرابوەوە".

لەهەنگاوێکی هاوتەریبدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەفەرمی عەمید محەمەد عەزیز عەبدوڵڵا (ناسراو بەمحەمەد عەزیز گەرمیانی) وەک فه‌رمانده‌ى لیوای یەکی پۆلیسی نەوت‌و گاز لەسنوری هەردوو پارێزگای ستراتیژیی کەرکوک‌و نەینەوا ڕاسپارد.

عەمید محەمەد عەزیز کە ڕۆڵەی سنوری گەرمیانەو ئەزمونێکی درێژی لەکاری ڕێکخراوەیی‌و سەربازیدا هەیە، ئەرکی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان، بۆرییەکان‌و سامانی گشتیی لەو دوو پارێزگا گرنگەدا گرتوەتە ئەستۆ کە لەئێستادا چەقی سەرنجی بەغداو ناوەندی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوتن.

سپاردنی ئەم دوو پۆستە باڵایە بەدوو ئەفسەری کورد لەکاتێکدایە کە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕۆژی سێشەممەی ڕابردوەوە زنجیرەیەک بڕیاری توندی بۆ دورخستنەوەی فەرماندە ئەمنییەکانی کەرکوک‌و ڕێگریکردن لەقاچاخچێتیی نەوت دەرکردوە.

چاودێران پێیانوایە، پێدانی ئەم دوو جومگە ئەمنییە سەرەکییە بەکورد، هەم متمانەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی کەرکوک‌و کێڵگە نەوتییەکان، هەمیش هاوسەنگییەکی کارگێڕیی‌و ئەمنی لەو ناوچانەدا دەگەڕێنێتەوە.