لەکۆنترۆڵی نەوتەوە تا ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە؛ بەغدا پێنج داواکارییەکی لەهەرێم هەیە

ڕاپۆرت

17 خولەک پێش ئێستا‌ 90 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ئیرەم نیوز"، ڕێکارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆتە تاقیکردنەوەیەکی فیعلی بۆ راددەی جیدییەتی بەغدا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی دۆسیە ئابووری و ئەمنییەکان و کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان.

 
سەرچاوەکان بە ئیرام نیوزیان ڕاگەیاندووە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدراڵی لە چارەسەرکردنی ناکۆکی ئیداریی و تەکنیکی سەبارەت بە قاچاخچێتی نەوت و داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان تێپەڕیوە، حکومەت دەخاتە بەردەم فەرمانێکی سیاسیی و ئەمنیی پەیوەست بە توانای جێبەجێکردنی بڕیارە سەروەرییەکانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا.

پێنج پابەندیی سەرەکیی بەغدا بەرامبەر هەرێم
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنی هێزە چەکدارەکان بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکی سیاسی دامەزراوە؛ واتە سەروەریی دەوڵەت دەبێت بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو ناوچەکانی عێراق جێبەجێ بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، پێنج پابەندیی سەرەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی دیاریکراون:
1. سەپاندنی دەسەڵاتی دەستووری لە هەرێم، چالاککردنەوەی دامەزراوەکانی چاودێری و لێپرسینەوەی فیدراڵی و کۆتاییهێنان بە ئەو دەسەڵاتە کارگێڕی و ئەمنییانەی لە چوارچێوەی دەستوور تێدەپەڕن.
2. هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە هەرێم هەن، هەروەک کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداریی پەکەکە و داماڵینیان لە چەک. هەرچەندە پەکەکە ڕایگەیاندووە 14 بنکەی دیکەی لە ناوچەی خواکورک چۆڵ کردووە، بەڵام دۆسیەی چەکداماڵینی تەواو هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی سیاسی و مەیدانییە.
3. کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران لەلایەن هێزە فیدراڵییەکانی پاراستنی سنوور و داخستنی دەروازە نایاساییەکان.
4. خستنەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، بۆ بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتە نەوتییەکان.
5. ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، دیاریکردنی ژمارە و جۆری چەکەکانی و سنووردارکردنی سەربەخۆیی بڕیاری سەربازیی، بە شێوەیەک کە ببێتە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی فیدراڵی.

ناوبژیوانیی فایەق زەیدان و ناکۆکیی بەغداو هەولێر
لە ناو ئەم ناکۆکییەدا، فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، وەک گرنگترین ناوبژیوانی دامەزراوەیی دەردەکەوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان. زەیدان پێشتر جەختی لەوە کردۆتەوە کە حکومەت لە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەکدا پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە و هیچ پاساوێک بۆ هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوونی نییە.

لە بەرانبەردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ڕێکارەکانی بەغدای بە پێشێلکردنی دەستوور و دەستدرێژی بۆ سەر دەسەڵاتەکانی هەرێم داناوە. مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش جەختی کردۆتەوە کە هەرێم ملکەچی بڕیارە نادەستوورییەکان نابێت، لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە کردووە.
لەبەرامبەردا، حکومەتی عێراق پێداگری لەسەر ڕەواییی دەستووریی ڕێکارەکانی خۆی دەکاتەوە.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ناکۆکیش دۆسیەی پێشمەرگەیە؛ چونکە هەولێر پشت بە ماددەی 121ی دەستوور دەبەستێت کە مافی ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی بە هەرێم دەدات، بەڵام بەغدا جەخت لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت عێراق لەبەردەم خاڵێکی چارەنووسسازدایە؛ یان سەپاندنی دەسەڵاتی دامەزراوە فیدراڵییەکان و یاسا، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە ڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە، کە دەتوانێت چارەنووسی ڕێککەوتنی حوزەیرانی 2027 و داهاتووی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دیاری بکات.