شارپرێس:
نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک بوەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر تەندروستیی گشتیی لەعێراقو هەرێمی کوردستان؛ لەکاتێکدا تەندروستیی سلێمانی تۆمارکردنی سێ حاڵەتی توشبونی لەشارەکەدا پشتڕاستکردهوه، لەبەغداش ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی تەندروستیو پەروەردە کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدەن بۆ بڕیاردان لەسەر ڕێکارە خۆپارێزییەکانو ئەگەری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن دوای تۆمارکردنی چوار هەزارو 358 توشبوو و 15 حاڵەتی گیانلەدەستدان.
لەنوێترین پێشهاتدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکرد، تائێستا سێ توشبوی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەشاری سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام جەختیکردەوە، دۆخی تەندروستیی هەرسێ توشبوەکە جێگیرەو لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان.
هاوکات د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكومهتى هەرێم ڕایگەیاند، هەرچەندە نەخۆشییەکە لەهەرێمی کوردستان وەک پەتا تەشەنەی نەکردوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی توشبوان لەشارەکانی عێراق، دۆخەکەیان بەتەواوی بەهەند وەرگرتوەو تیمە تەندروستییەکان بەدواداچونی بەردەوامدەکەن بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبونەوەی.
بەهۆی مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لەناو ناوەندەکانی خوێندنو قوتابخانەکاندا، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەبەشداریی هەردوو وەزیری تەندروستیو پەروەردەی عێراقو لیژنەی باڵای تەندروستی بەڕێوەبچێت، لەکۆبونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی نەخۆشییەکەو گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی تاووتوێدەکرێن کە یەکێک لەبژاردە کراوەکان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەدا، هەڵسەنگاندنی دۆخەکەو ئەگەری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندنە لەو ناوچانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران لەگەڵ عەبدولحوسێن موسەوی وەزیری تەندروستی کۆبوەتەوە بۆ ئاگاداربون لەدۆخی نەخۆشییەکە.
لەکۆبونەوەکەدا وەزیری تەندروستی ئاشکرایکردوه، ئامارەکانی توشبون بەهەوکردنی پەردەی مێشک لەعێراق ساڵ بەساڵ ڕویان لەزیادبونکردوە بهشێوهیهك، ساڵی 2024 ژمارهى توشبوان سێ ههزارو 948 توشبوو ههبوه، له2025 ژمارهكه زیادیكردوه بۆ چوار ههزارو 129 كهسو ئەمساڵیش تائێستا چوار هەزارو 358 توشبوو تۆمارکراون.
وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەشیخستەڕوو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 15 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە تەنها لەپارێزگای واست تۆمارکراونو وەزارەتەکەشیان چاودێریی تەندروستیو ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەسەرجەم پارێزگاکاندا چڕکردوەتەوە.
نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (Meningitis) بریتییە لەهەوکردنو ئاوسانی ئەو پەردە پارێزەرەی دەوری مێشکو دڕکەپەتکی داوە کە زۆرجار بەهۆی ڤایرۆس یان بەکتریاوە دروستدەبێتو نیشانەکانی بەخێرایی دەردەکەون، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، نیشانەکانو ئەوکەسانەی زۆرترین مەترسیی توشبونیان لەسەرە بەمشێوەیەن:
نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە:
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە زۆرجار لەسەرەتادا لەپەتاو هەڵامەت دەچنو لەماوەی چەند کاتژمێرێک بۆ دوو ڕۆژدا توند دەبنەوە:
لای گەورەساڵانو منداڵانی سەروو دوساڵ:
لهرزو تای بەرز، لهگهڵ بەرزبونەوەی لەناکاوی پلەی گەرمیی لەش.
ڕەقبونی مل، بهشێوهیهك نەتوانینی چەماندنەوەی مل بەرەو پێشەوە یان ئازار لەکاتی جوڵاندنیدا.
سەرئێشەیەکی زۆر توند، ژانەسەرێکی جیاوازو بەهێزتر لەسەرئێشەی ئاسایی.
هەستیاری بەڕوناکی، ئازاری چاوو بێزاربون لەتیشکی خۆر یان گڵۆپ.
دڵتێکەڵهاتنو ڕشانەوە، زۆرجار لەگەڵ سەرئێشە توندەکەدا دەردەکەوێت.
خەواڵوییو تێکچونی هۆش، سەرلێشێواوی، قورسیی بەئاگاهاتنەوە، یان لەهەندێک حاڵەتدا گەشکەو پەڵەی مۆر لەسەر پێست.
لای منداڵانی ساواو خوار دوساڵ:
گریانی بەردەوامو نائاسایی، بەتایبەت کاتێک منداڵەکە هەڵدەگیرێت یان لهباوهش دهكرێت.
کەمبونەوەی شیرخواردنو ڕشانەوەى بهردهوام.
بێهێزییو خەواڵویی زۆر، جوڵەی منداڵەکە کەمدەبێتەوەو بەسەختی بەئاگادێت.
ئاوسانی مەڵاشوو، بەرزبونەوەی ئەو بەشە نەرمەی سەری منداڵەکە بەرەو دەرەوە.
کێن ئەوانەی زوترو زیاتر توشی دەبن؟
هەموو کەسێک لەهەر تەمەنێکدا ئەگەری توشبونی هەیە، بەڵام ئەم گروپانە زۆرترین مەترسییان لەسەرە:
منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵو ساواکان، بەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگریی جەستەیان هێشتا بەتەواوی گەشەینەکردوە، زۆرترین ڕێژەی توشبونیان تێدا تۆماردەکرێت.
قوتابیانو منداڵانی ناو باخچەی ساوایانو قوتابخانەکان، بەهۆی تێکەڵاوبونو نزیکییان لەیەکتر لەپۆلەکاندا، نەخۆشییەکە زوتر لەنێوانیاندا دەگوازرێتەوە.
گەنجانو دانیشتوانی شوێنە قەرەباڵغەکان، وەک خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانو سەربازگەکان کە ژمارەیەکی زۆرکەس لەیەک شوێندا دەژین.
ئەوکەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتوە، وەرنەگرتنی پێکوتەکانی منداڵیو پێکوتە تایبەتەکان مەترسیی توشبون زیاد دەکات.
کەسانی خاوەن بەرگریی لاوازو بەساڵاچوان، ئەوکەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان سیستمی بەرگرییان لاوازە، بەئاسانی توشی جۆرە توندەکانی دەبن.
