شارپرێس:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایدەکات،
پاسدارانو سوپاى ئێران، لەناوچە سنورییەکانی مەریوان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی
48 کاتژمێرییەوە، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ (لهدیوى ئێران)هوه داخراوەو
هاتوچۆی هاوڵاتیانیش لەناوچە سنورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتو باشوری کوردستان قەدەغەکراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی
هانا بڵاویكردوهتهوه، دوێنێ شەممە، جموجۆڵە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لەناوچە
سنورییەکانی مەریوان بەشێوەیەکی بەرچاو چڕبونەتەوە؛ لەوانە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی
قورس، جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی سەربازییو ئەمنیو سنوردارکردنی هاتوچۆ لەسنوریی
نێوان ئێرانو هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکانی ڕێکخراوی هانا ئاشکرایانکردوە، فەرمانی
بەپەلەی گەڕانەوە بۆ سەربازگەکان (پادگانەکان) بەو هێزانەی پاسدارانو سوپا دراوە
کە لەمۆڵەتدا بونو سەرجەم هێزە سەربازییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی 48
کاتژمێرییەوەو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ داخراوەو تائێستاش ماوەو هۆکاری داخستنەکەشی
بەوردی ڕون نەبوەتەوە.
لەهەمانکاتدا، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری مەریوان
لەئاگادارییەکدا هاتوچۆی هاوڵاتیانی لەناوچەی ئەمنیی سنوریی بەتەواوی قەدەغەکردوە؛
بهرپرسانى ئهمنیىو ئیداریى شاری مەریوانیش داوای لەدانیشتوان کردوە بەهۆی دۆخی
ئەمنیو ئەگەری ڕودانی پێشهاتی نەخوازراو، خۆیان لەچون بۆ ناوچە سنورییەکان بەدوربگرن.
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدان کە تائێستا ئێران
بەفەرمی ئامانجی ئەم ئامادەباشیو جوڵە سەربازییانەی ڕانەگەیاندوە، ڕێکخراوی مافی
مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لەبەسەربازگەکردنی زیاتری کوردستانو بڵاوەپێکردنی
چەکی قورس لەنزیک ناوچە مەدەنییەکان، جەختدەکاتەوە، گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیو سەربازیی
حکومەتی ئێران لەبەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی نابەخشێت بۆ پاراستنی مافی ژیان،
ئاسایشو ئازادیی هاتوچۆی هاوڵاتیان.
