له‌باره‌ى بارانبارینه‌ به‌هێزه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى كوردستان پارێزگارى هه‌ولێر په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ شەپۆلە باراناوییەکەی ئه‌مشه‌و و ڕۆژانى داهاتوو، پارێزگاری هەولێر په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەسەڵاتی تەواو دراوەتە پارێزگاکان بۆ بڕیاردان لەسەر ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لەدامودەزگاکان‌و قوتابخانەکان به‌گوێره‌ى دۆخی کەشوهەوا"، ده‌شڵێت، "ئەمشەو کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ سەرجەم لایەنە خزمەتگوزاریی‌و ئەمنییەکان ئەنجامدراوه‌و قەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی پێشوو دياريكراوه".


پارێزگاری هەولێر له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو ڕایگەیاند، دەسەڵات دراوەتە پارێزگاکان بۆ بڕیاردان لەسەر پشوی فەرمیی دامودەزگاکان‌و قوتابخانەکان لەکاتی شەپۆلەکانی بارانباریندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو کۆبونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ئامادەکارییەکان به‌ڕێوه‌چوو تێیدا قەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی پێشوش ده‌ستنیشانكراوه‌.

ئومێد خۆشناو وردەکاریی ئامادەکارییەکان‌و پرسی ڕاگەیاندنی پشوی خستەڕوو وتى، "پارێزگاکان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لەدامودەزگا حکومییەکان‌و ناوەندەکانی خوێندندا لەکاتی شەپۆلەکانی بارانبارین، بەمەرجێک بڕیارەکە به‌گوێره‌ى هەڵسەنگاندنی دۆخی کەشوهەوا بۆ هەر ڕۆژێک بەجیا بدرێت".

ئەمشەویش بەسەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێرو بەبەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان (تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاوو ئاوەڕۆ، ڕێگه‌وبان، شارەوانی‌و هێزە ئەمنییەکان) کۆبونەوەیەکی بەرفراوان بۆ تاووتوێکردنی ئامادەکارییەکان به‌ڕێوه‌چوو، لەکۆبونەوەکەدا ئامادەیی دامەزراوە خزمەتگوزاریی‌و ئەمنییەکان‌و هەماهەنگیی نێوانیان تاووتوێكرا.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەكه‌دا وتى، "به‌گوێره‌ى پێشبینییەکان شەپۆلی بارانبارینە بەهێزەکەی ڕۆژی سێشەممە دەکەوێتە دوای کاتی دەوامی فەرمی‌و لەئێوارەدا دەبێت، بۆ ڕۆژی چوارشەممەش ئەگەر هەستمانکرد مەترسیی لافاو دروستدەبێت، ئەوا بڕیاری پێویست لەبارەی ڕاگرتنى ده‌وامه‌وه‌ دەدەین".

هاوکات ئاماری کۆتایی زیانەکانی لافاوەکەی ڕابردوی هەولێری ئاشکراکردو ڕایگەیاند، "جگە لەگیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی‌و ڕزگارکردنی 708 کەسی دیکەو گەیاندنی چوار هەزارو 350 ژەمە خۆراک لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، قەبارەی زیانە داراییەکانی هاووڵاتیان بەتەنها بەزیاتر لە31 ملیار دینار خەمڵێنراوە".

بەگوێرەی وردەکاریی ئامارەکانی پارێزگاری هەولێر، لەئەنجامی لافاوەکەی ڕابردودا زیان بەر هەزارو 341 خانوو، 807 دوکان، 756 ئۆتۆمبێل، 192 دەستگێڕو کاسبکار، 112 مۆڵ‌و 107 کۆگا کەوتوە؛ هاوکات نۆ سەنتەری پزیشکی، حه‌وت باخ، حه‌وت بارەگای ڕێکخراوی سیاسی، شه‌ش مزگەوت، سێ دایەنگە، سێ هۆتێل، سێ دەرمانخانە، دوو ئارایشتگا، دوو پەیمانگە، لەگەڵ نەخۆشخانەیەک، باڵەخانەیەک، یاریگایەک‌و کافتریایەک زیانیان پێگەیشتوە.