شارپرێس:
ڕۆژی یەكشەممە، قاسم عەبودی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پرسی كۆنترۆڵكردنی سنور و دەروازە فەرمی و نافەرمییەكان و جێگیركردنی هێزەكانی عێراقیان تاوتووێكرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی دەروازە سنورییە فەڕمی و نافەڕمییەكان كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی كاردەكەن كراوە، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان و پلانی جێگیركردنی هێزە عێراقییەكان وەك عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڕیاریداوە و بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چوارچێوەی خاكی عێراقدا تاووتوێكراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەكان و پاراستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووەتەوە. لایەنی ئێرانی هەروەها پشتیوانی تارانی بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرزكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری گرتوویەتیەبەر، دەربڕی.
لای خۆیەوە عەبودی هەڵوێستی حكومەتی عێراقی دووپاتكردەوە كە بەكارهێنانی خاكی عێراق یان ئاسمانی عێراق لەدژی ئاسایش و سەقامگیری هەر وڵاتێكی دراوسێ ڕەتدەكاتەوە. جەختیشی لە پابەندبوونی عێراق كردەوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەكتر و دراوسێیەتی باش.
عەبودی دوێنێ شەممە، لە تاران لەگەڵ موحسین ڕەزایی سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆبووەوە و جەختی لەسەر پابەندبوونی عێراق بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، هەروەها ئیرادەی عێراق ئەوەیە كە ڕێككەوتنی ئەمنی بە تەواوی جێبەجێ بكات.
