شارپرێس:
حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەرێمی كوردستان، سەرەڕای تەنگژە ناوخۆییەكانی و لەكەداربوونی پڕۆسە دیموكراتییەكەی و بارگرانی ژیانی هاووڵاتیانی، ڕووبەڕووی كێشەی سیاسی و یاسایی دەرەكی بووەتەوە".
حەمەی حەمەسەعید لەوتارێكدا ئاماژە بەوە دەكات "گرنگە هەموو لایەك لە لێكدانەوە و شیكاری ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دوو ڕاستی بەرجەستە لەبەرچاو بگرین و دۆسییەكان تێكەڵ نەكەین".
هەروەها لەوتارەكەیدا وەزیری ڕۆشنبیری، دوو ڕاستیی دەخاتەڕوو:
یەكەم: هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لە هەندێك دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقدا لە دوای ٢٠٠٥ـەوە، ڕەنگە زیاتر لەوەی دەستوور پێی ڕەوا بینیبوو، ڕۆڵی گێڕاوە، بەڵام هەر هەوڵێك بۆ لەقاڵبدانی دەسەڵاتی دەستووری هەرێمی كوردستان ڕەتكراوەیە. دژایەتیكردنی هەرێم و هەوڵدان بۆ بچووككردنەوەی جوگرافیا و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی لە لایەن هەموو ڕۆڵەیەكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و كۆی گشتی هاووڵاتیانەوە ڕەتدەكرێتەوە.
ئەگەرچی لە ناوخۆدا كێشمەكێشە سیاسییەكان، گەلی كوردستانیان بێ هیوا كردووە، بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ دژایەتیكردنی خودی ئەو كیانەی بە خوێنی هەزاران هەزار شەهید و ئەنفالكراوان و كیمیاییبارانكراوانی كوردستان بەدیهاتووە.
پێویستە ئەوەش بوترێت، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا دەستكەوتی یەكێتی و پارتی نین، بەڵكو دەستكەوتی هەموو لایەنە سیاسییەكانن، كە بەشداریان لە تێكۆشانی ڕزگاریخوازی كوردستاندا كردووە.
هەر بۆیە هەموو كوردێكی خاوەن دیدگای نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەنگەری بەرگری لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و دژی ئەو هەوڵەی نەیارانی كورد دەوەستێتەوە.
دووەم: كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا قوربانی گەورەیان داوە، هەرچی لە توانایاندا بووە پێشكەشیان كردووە لە پێناو مانەوەی دەستكەوتەكان، بەڵام هیچ كاتێك خەڵكی كوردستان ناچنە ژێر باری بەرگری لە قاچاخچێتی و دزینی سامانی ژێرخان و سەرخانی وڵاتەكەیان. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ڕوونی دەیبینین، خەڵك دژایەتی دزینی نەوت و تاڵانكردنی سامانی كوردستانن، دژی قاچاخچێتی و بێسەروشوێنكردنی داهاتی هەرێمن، لە ناوخۆدا دەیان پڕۆژە و سەدان هەوڵ دران بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە قوتی خەڵك و سامانی ئەم نەوەیە و نەوەكانی داهاتوو دەكرێت، سوودی نەبوو، ئامۆژگارییەكان، ڕەخنەكان، پێشنیاز و ڕێگەچارەكان دەخرانە ڕوو، بەڵام گوێی بۆ بیستنیان نەبوو.
حەمەی حەمە سەعید لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی لەوەكردووە "خەڵك دژی تاڵان و ماشینەوەی سامان، گرانكردنی ژیان، تەنگپێهەڵچنین و داتەكاندنی گیرفانی كاسبكاران و دروستكردنی دیواری بەرزی جیاوازی چینایەتییە". دەشڵێت "ئێستاش كە فشارەكانی زەیدی لایەنە ناكۆكەكانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی كە پێكەوەبن، دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری بە دۆخی حوكمڕانی، سیستمی سیاسی، ژیانی پەرلەمانی، پڕۆسەی دیموكراتی، بوارەكانی ئابووری و دارایی و دادوەری و كۆی جومگەكانی هەرێم بكرێت، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر تووشی داڕمان نەبین".
