شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەوكردنی پەردەی مێشك نەخۆشیەكی گواستراوەیە، بریتییە لە هەوكردنی پەردەكانی مێشك و دڕكەپەتك بە نیشانەكانی گشتی و نیشانەی تایبەت و بە پشكنینی تایبەت پشت ڕاست دەكرێتەوە و چارەسەرییەكان بەردەستن.
وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كە دۆخەكە لەئێستادا بەتەواوی لەژێر چاودێری و بەدواداچوون دایە، ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن تاكەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوون، هاوشێوەی هەموو وڵاتان و پێوەرەكانی پەتازانییە، هیچ ئاماژەیەكی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نییە و تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریكردنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دەستنیشانكردن".
دەشڵێت: "لە ئێستادا پێویست بە دڵەڕاوكێ و هیچ ڕێكارێكی پێشوەختەی ڕاگرتنی هیچ كاروبارێك و پرۆسەی خوێندن ناكات لەكاتێكدا وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە چاودێریكردنی ووردی دۆخەكە هەروەها جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ئامادەكارییەكان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم نەخۆشییە و ڕێكارەكانی پشكنین و چارەسەركردن و بەدواداچوون ئەنجام دراوە. لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكی نوێ دا هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە".
