وتەبێژی هەپەگە: له‌ چه‌ند چالاكییه‌كدا دەیان سەربازی تورکیا كوژران

کوردستان

30/06/2020‌ 711 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وتەبێژی هێزی پاراستنی گەل (هه‌په‌گه‌) باڵی سەربازی پەکەکە ئاشكرایكرد: رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای توركیا به‌رده‌وامن و له‌ چه‌ند چالاكییه‌كدا دەیان سەربازی تورکیا كوژران.

دیار دەنیز وتەبێژی هێزی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەکەکە بەشارپرێسی راگەیاند: "26 حوزەیران گەریلاکانمان لەچالاکیەکی قارەمانانەدا دوو سەربازی سوپای تورکیایان کوشت و بەسەلامەتی لەچالاکیەکەیان گەڕانەوە".

وتەبێژی هه‌په‌گه‌ دەشڵێت: ڕۆژی 29 حوزەیران لەچالاکیەکی تردا گەریلاکانمان چالاکیەکی تریان ئەنجامدا دەیان سەرباز کوژران و برینداربوون.

ئه‌وه‌شی وت: هەر ڕۆژی 29 حوزەیران سەربازێکی تر کوژرا، لەچالاکیەکی تردا سەربازێکی تر کوژرا  تورکیاش بەفڕۆکە ماوە ماوە ناوچەکە بۆردومان دەکات.

سەرەتاى ئەم مانگە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى لە سنورى بادینانەوە بەبەشدارى زیاتر لە 30 هەزار سەرباز لەژێر ناوى "چنگى هەڵۆ"دەست پێکردوەو شەڕەکە لەناوچەى هەفتانینەوەو درێژ دەبێتەوە تا سنورى بارزان، بەڵام هێرشى ئاسمانییەکان فراوانترەو بنارى قەندیل و تەنانەت شار باژێرى لە سنورى پارێزگاى سلێمانیش گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکە بەسەرپەرشتى راستەوخۆى خولسى ئاکار وەزیرى بەرگرى تورکیا بەڕێوە دەچێت و تیایدا بەدەیان فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکەى کۆبراو تانک و زرێپۆش بەشدارن.

لەو رۆژەوەى کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکردوە تورکیا نەیتوانیوە هیچ ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین زیانى گیانى و مادى لێ کەوتووە بە جۆرێک کە هیچ رۆژێک نییە سەربازەکانى بەدەستى گەریلاکانى پەکەکە نەکوژرێن.

تورکیا لەم دواییانەدا لەناوچەى هەفتانین بنکەیەکى سەربازى گەورەى دروستکردوە کە فڕۆکەى جەنگى و تانک و زرێپۆش و چەکى قورسى تێدا جێگیر کردوە ئەوەش دەردەخات کە ئەو ئۆپەراسیۆنە دوور مەودا دەبێت و ئەگەرى هەیە هێزێکى سەربازى ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکى نادیار لەو ناوچەیە بمێنێتەوە.