روسیا پڕۆژەی ئەمەریكا بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی چەك لەسەر ئێران بێ بایەخ دەكات

لە میدیاکانەوە

02/07/2020‌ 989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤاسیلی نیبینزیا نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، پرۆژەی ئەمەریكا بۆدرێژكردنەوەی سەپاندنی قەدەغەی چەك بۆسەر ئێران "خەیاڵییە" و هیچ بوارێكی لەبەردەمدا نییە بۆ ئەوەی لەنەتەوە یەكگرتووەكان دەنگی پێبدرێت.

نوێنەرەكەی روسیا لەئەنجوومەنی ئاسایش وتی: هەر لەسەرەتاوە وتوومانە پرۆژە بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەك بۆ سەر ئێران خەیاڵییە و تێناپەڕێت، بۆ ئەوەش هیچ بنەمایەك شك نابەین بۆ ئەوەی دانوستانی لەبارەوە بكەین.

لێدوانی نوێنەرەكەی روسیا لەوەڵامی پرۆژە بڕیارێكی ئەمەریكایە، كە لەبارەی درێژكردنەوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەك بۆ سەر ئێران پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی كردووە، كە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەمانگی ئۆكتۆبەری داهاتوودا ئەو قەدەغەیە كۆتایی دێت، كە بڕیارەكە تایبەتە بە لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران بەپێی رێكەوتننامەی ناوەكی، كە لەساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز واژووكراوە.

نیبینزیا تۆمەتبار كردووە، كە هۆكاری درووستبوونی ئەو قەیرانەیە لەبارەی رێكەوتننامەی ناوەكی درووست بووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، واشنتۆن لەڕێگای سەپاندنی گەمارۆكانەوە سیاسەتی تەنگهەڵچنین بە ئێران پەیرەو دەكات.

دوای گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، ئەمەریكا لەڕێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز پاشەكشەی كرد و داوای كرد رێكەوتنێكی تر لەگەڵ تاران واژووبكرێت، كە كۆتوبەندی زیاتر بخاتە سەر ئەو وڵاتە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە