گۆڕان: بۆ خزمەتكردنی خەڵك چووینەتە حكومەتەوە

کوردستان

09/07/2020‌ 921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دلێر عەبدولخالق رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دۆخی عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێم، چەند پرسێكی دیكەی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان تاوتوێكران.

دلێر عەبدولخالق لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، بەئامادەبوونی بەشێك لە تیمی وزاری و حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای كارەكانی حكومەت بكەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند دەتوانێت هەنگاوە كردارییەكان بەئاڕاستەی جێبەجێكردنی چاكسازی بنێت.

هەروەها رایگەیاند، بەشدارییكردنی گۆڕان لەكابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی چاكسازییە، لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی و لایەنە ئیسلامییەكانیش جەختمان كردووەتەوە، كە بەرپرسیاری لەسەر یەكێتی و پارتی زیاترە لە حیزبەكانی دیكە، ئێمە ئێستاش لامان پرسیارە و دەمانەوێت وڵامەكەی وەربگرینەوە بۆچی خەزێنەی حیزبە دەسەڵاتدارەكان زۆری تێدایە كەچی باخەڵی خەڵك و میللەت و بازاڕ هیچی تێدا نییە؟ بۆ كۆمپانیاكانی حیزب پارەیان هەیە و ژیانیان باشە كاسبكاران و خەڵك و بازاڕ ژیانیان باش نییە؟

هەروەها جەختیشیكردەوە، بۆ خزمەتكردنی خەڵك چوونەتە حكومەتەوە ئەركە لەسەر شانیان، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی چاكسازییەوە مەینەتییەكانی خەڵك كەمبكەنەوەو ئەوەشی راگەیاند، ئێمە بە شەرعییەتی رەوایەتی خەڵك لە حكومەتین، بۆیە چارمان ناچارە ملبدەین بۆ داواكارییەكانی خەڵك.

رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی ئاشكراشیكرد، داوایان لەهێزەكانی بەشدار لە حكومەت كردووە هەموان بەیەكەوە هەوڵبدەن و كێشە و داواكاریی و داخوازییەكانی خەڵك لەبەرچاو بگرن، رەخنە و گلەیی خەڵك لە كۆی پڕۆسەی سیاسی و حكومەت و بەشێك لەو رەخنانەش كە پەیوەستە بە گۆڕانەوە لای خۆمانەوە پۆڵێن كراوە و ئیشی لەسەر دەكەین.

ئاماژەی بەوەكرد، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەش پەیوەستە بەدۆخی ناوخۆیی گۆڕان و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان.

هـ ـ ح


بەپەلە