حەشدی شەعبی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات فەرمانی دەستگیركردن بۆ ترامپ دەربكات

عیراق

13/07/2020‌ 766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حەسەن سالم ، سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكدا داوای لە حكومەتی عێراق كردووە لەبەرانبەر كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەربكرێت.

سالم لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەسەر حكومەتی عێراق پێویستە لەبەرانبەر كوشتنی هەریەك لە جەنەراڵ قاسم سلیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس فەرمانی دەستگیركردن بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەربكرێت، ڕوونیشیكردووەتەوە، كە بێدەنگی بەرانبەر بەو كارە هیچ پاساوێكی بۆ نییە و بریتییە لە ناپاكی و نۆكەرایەتیكردن بۆ واشنتۆن.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سالم نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە هەڵویستە شەرمنانەكەی حكومەتی عێراق بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق لەلایەن ئەمەریكا و توركیا دەربڕیوە و پێیوابووە ئەوە ئەنجامی دابەشبوونی ناوخۆیییە لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا.

بەبۆچوونی ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی ئەگەر بێتوو حكومەتی عێراق هەڵوێستێكی لێبراوانەو ئازایانە بەرانبەر بە پێشێلكردنی سەروەری خاكەكەی دەرنەبڕێت، ئەوە ئەو وڵاتە چارەنووسێكی نادیاری دەبێت.

هەروەك ئۆباڵی خوێنی قاسمی سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی خستووەتە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی