قەڵەوی مەترسییەكانی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیاتر دەكات

تەندروستی

28/07/2020‌ 294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی راپۆرتێكی دەستەی گشتی تەندروستی بەریتانیا، كە لە ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٠ دا دەرچووە، ئەوانەی قەڵەون یان بەدەست كێشی زیادەوە دەناڵێنن، لەكەسانی ئاسایی زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا گیان لەدەست بدەن، یان نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان بەشێوەیەكی توندتر لەسەر دەربكەوێت.

دەستە بەریتانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو كەسانەی پێنوێنی قەبارەی جەستە ( BMI) یان  لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٥ بێت، بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ زیاتر  مەترسی گیان لەدەستدانیان بەڤایرۆسی كۆڕۆنا لەسەرە، لەكاتێكدا ئەوانەی BMI یان لەسەروو ٤٠ وە بێت، ئەوە بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ مەترسی گیان لەدەستدانیان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیاتر دەبێت.

ئەو كەسانەی BMI یان لەسەروو ٣٠ یەوەیە بە قەڵەو هەژمار دەكرێن، بۆ ئەوەش دەستەی تەندروستی گشتی بەریتانیا رایگەیاند، لەسەدا ٦٣ی بەریتانییەكان بەدەست قەڵەویی یان كێشی زیادەوە دەناڵێنن.

ئەلیسۆن جۆنسۆن، گەورە پسپۆڕی بواری خۆراكی لەدەستەی تەندرووستی گشتی بەریتانیا دەڵێت: بەڵگەكانی ئێستا بەروونی ئەوە دەردەخەن، كە قەڵەویی یان كێشی زیادە مەترسی ئەوە زیاد دەكات، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و نەخۆشییە مەترسییدارەكانی ترەوە گیان لەدەست بدەیت، بۆیە دەبێت خەڵك كێشی خۆیان دابەزێنن.

هەروەك سۆزان جیپ، مامۆستای سیستەمە خۆراكییەكان و تەندروستی دانیشتووان لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەڵێت: ئەو دڵخۆشە تەندروستی گشتی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت، كە لەبواری قەڵەیدا بەریتانیا رووبەرووی چی مەترسییەك بووەتەوە.

جیپ، كە چاوی بە راپۆرتەكەی دەستەی تەندروستی گشتییدا خشاندووەتەوە، بەرۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، كە دەمێكە لەمەترسییەكانی قەڵەوی بەئاگابووین، بەڵام ئەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە زۆر زەقبووەتەوە، ئەگینا هەرگیز نەدەبوو بە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكومەت.

وەرگێڕان : ئاكۆ ئاڵی