كۆنگرێسی ئەمریكا "بریارێكی گرنگ" دژ بەحەشدی شەعبی دەردەكات

عیراق

03/08/2020‌ 3904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆنگرێسی ئەمریكی ڕازی بووە لەسەر پڕۆژە بڕیارێك سەبارەت بەڕاگرتنی ئەو پشتیوانییە داراییەی دەچێتە خانەی بەرژەوەندی حەشدی شەعبییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند گروپێكی چەكدارنی حەشدی خستە لیستی تیرۆرەوە. 

بە گوێرەی بەیاننامەیەكی كۆنگرێس ئەو پڕۆژە یاسایە ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیران كراوە، ئەمەش وەك ڕێخۆشكەرییەك بۆ دەنگدان لەسەری تا ببێتە یاسایەكی بەركار و كاری پێ بكرێت.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو پارەداركردنەی لە سەردەمی باڕاك ئۆباما-ی سەرۆكی پێشوو بۆ سوپای عێراق تەرخان كراوە، لە ئێستادا دەچێتە گیرفانی چەند میلیشیایەكی خراپەكاری حەشدی شەعبییەوە و لە دروستكردنی ئەو موشەكانەشدا خەرج دەكرێت، كە بەرژەوەندییە دبلۆماسی و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج.

لیژنەی لێكۆڵینەوەكانی پارتی كۆماریش لە كۆنگرێسی ئەمریكی، ڕاسپاردەی ئەوەی داوە ڕێكخراوی بەدر و سەرۆكەكەی، كە هادی عامرییە و چەند میلیشیاییەكی دیكەی چەكداری وەك كەتیبەكانی ئیمام عەلی، سەرایای خۆراسانی و كەتیبەكانی سەروەری شەهیدان و لیوای ئەبولفەزڵی عەباس، بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.

ڕاپۆرتەكەی كۆنگرێس زۆر بە گەرموگوڕی جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەیان سەبارەت بەو قەوارە تازانە پێشكەش بكات، كە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی لە عێراقدا بەرێوەیان دەبات، لیژنەكەی كۆنگرێس ڕاسپاردەی ئەوەشی داوە، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە هەڕەشە دوورمەوداكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بخرێتە بەردەست.

سەرچاوە: ئەلئەخبار
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر