ئێران بەدەستلەكاركێشانەوەی برایان هۆك خۆشحاڵە

جیهان

09/08/2020‌ 663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێشوازی لە بڕیاری دەستلەكاركیشانەوەی براین هۆك سەرۆكی گرووپی كاری تایبەت بەئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد و لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش ناچار دەبێت پێش جێهێشتنی كۆشكی سپی، بنە و بارگەی خۆی بپێچێتەوە و بروات.

ئەو لێدوانەی شەمخانی، كە لەڕێگای هەژماری تایبەتی خۆی لە پێگەی تویتەر بڵاویكردەوە، دەریدەخات ئێران خۆشحاڵە بە شكستی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا، كە وابڕیارە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا بەڕیوەبچێت.

رۆژی پێنجشەممە ، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، براین هۆكی سەرۆكی گرووپی كاری تایبەت بە ئێران لەوەزارەتی دەرەوەی دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، كە لەساڵی ٢٠١٨ وە لەو پۆستەدا دەستبەكاربووە، راشیگەیاند، ئیلوت ئەمرامز ، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری ڤەنزوێللا شوێنی دەگرێتەوە.

هەروەك عەلی رەزا میر یوسفی، وتەبێژ بەناوی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی براین هۆك بەلای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بابەتێكی یەكلاكەرەوە و چارەنوسساز نییە.

میر یوسفی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كە هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە شكستیهێناوە و ئێران بەهیچ جۆرێك چۆك دانادات، جا ئەو بەرپرسە هەركەسێك بێت، كە ئەو سیاسەتە جێبەجێدەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی