هێرش سەلیم: باوەڕناكەم تەندروستی سلێمانی بڕیارەكەی وەزارەت جێبەجێبكات

کوردستان

12/08/2020‌ 1398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەدیاریكردن و كەمكردنەوەی نرخی نەخۆشخانە تایبەتییەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەڵێت: من وەك جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی سلێمانی ئەمجۆرە بڕیارە سەرلەبەری ڕەتدەكەمەوەو بە بڕیارێكی نازانستی و نامەنتقی و نا عەقڵانی دەزانم.

هێرش سەلیم دەشڵێت: هاوڕێكانیشم ئەوانەی لە نزیكەوە قسەم لەگەڵ كردوون ڕەتی ئەم بڕیارەی نرخەكان دەكەنەوەو بڕواناكەم لەسنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێبكرێت، چونكە تا ئێستا یەك نەخۆشی كۆرۆنا نەچووەتە نەخۆشخانەی تایبەت لەسلێمانی نەخۆشخانە گشتییەكانی ئێمە توانای سێ ئەوەندەی تر نەخۆشییان هەیە.

قسەكانی جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو ئەوەش دەڵێت: ئەوەی وەزارەتی تەندروستی دەیكات بانێكەو دوو هەوا-یە، بڕیارەكە دانە بەرچەقۆی ملی نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە بۆ كەرتی تایبەت.

ئەو باسی لەوەش كردووە، هەندێك لەنەخۆشخانەكان لەهەولێر نەخۆشی-كۆرۆنایان وەرگرتووە دەفتەرێكیان پێخەواندوون لەنەخۆشخانەكە تا ئەو كاتەی چارەسەرەكەی وەردەگرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژی رابردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان نرخی بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان دیاریكرد، ئەوەش بۆ ئەو نەخۆشانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون‌و نرخەكانیش بەرزبوون، كە ئەوە كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح

بەپەلە