فێڵی دیۆنیسیۆسی مۆدێرن

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 40 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاتێک باس لە قەرزی دەوڵەتەکان دەکرێت، زۆربەی خەڵک پێیان وایە کە حکومەتەکان یان دەبێت لە ڕێگەی زیادکردنی باجەوە یان بە کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان ئەو قەرزانە بدەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا، ستراتیژییەکی شاراوە و زۆر کاریگەرتر هەیە کە حکومەتەکان بە درێژایی مێژوو بەکاریان هێناوە بۆ ڕزگاربوون لە ژێر باری قورسایی قەرزەکانیان، ئەویش لەسەر حیسابی هاووڵاتیانی خۆیان.

ئەم شێوازە نهێنی و بێدەنگە پێی دەوترێت "هەڵاوسانی دارایی". لەم پرۆسەیەدا، حکومەتەکان بەهای ڕاستەقینەی دراوەکەیان کەمدەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک بۆ کڕینی هەمان کاڵا و خزمەتگوزاری ناچاربن پارەیەکی زیاتر بدەن

کاتێک بەهای پارە دادەبەزێت، هێزی کڕینی خەڵک کەم دەبێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهای ڕاستەقینەی ئەو قەرزانەش کە لەسەر شانی حکومەتە کەم دەبێتەوە، بەمەش دەوڵەت بێ ئەوەی باجێکی ڕاستەوخۆ ڕابگەیەنێت، قەرزەکانی خۆی لەسەر حیسابی سامانی گەلەکەی دەسڕێتەوە.

ئەم تەڵە داراییە داهێنراوێکی نوێی ئابووریی هاوچەرخ نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی بۆ سەدەکانی پێش زایین دەگەڕێتەوە. یەکەم کەس کە ئەم بیرۆکە بلیمەتانەی لە مێژوودا هێنایە ئاراوە، "دیۆنیسیۆس" بوو، فەرمانڕەوای دۆزەخیی شاری سیراکیوز لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین.

کاتێک دیۆنیسیۆس کەوتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە و نەیتوانی بیانداتەوە، فێڵێکی مەترسیداری ئەنجامدا. گەلەکەی ناچار کرد، لە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی مردندا، هەموو ئەو دراوە ڕژاوانەی (دراخما) کە لە بازاڕ و لەبەردەستیاندا بوو ڕادەستی کۆشکەکەی بکەن. دوای کۆکردنەوەی پارەکان، دیۆنیسیۆس فەرمانی کرد کە هەموو دراوەکان بتوێنرێنەوە و بە شێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە لە هەر دراخمایەکی کۆن، دوو دراخمای نوێی لێ دروست بکرێت، بەبێ ئەوەی ڕێژەی زیو یان زێڕەکەی زیاد بکات.

بەم شێوەیە، ئەو پارەیەی کە بە زۆر لە خەڵکەکەی سەندبوو، بە ژمارە و بەهایەکی نوێی دەستکرد بۆی گەڕاندنەوە، بەڵام بە نیوەی هێزی کڕینی ڕاستەقینەی پێشوو. لێرەوە ئەو نەک هەر توانی قەرزەکانی خۆی پێ بداتەوە، بەڵکو هاووڵاتیانیشی ڕووتکردەوە بێ ئەوەی پێیان بزانن.

ئەم شێوازە مێژووییە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بووە مۆدێلێکی زۆر بەناوبانگ لە نێو سەرکردە و دەسەڵاتدارانی جیهاندا، بەتایبەتی لە کاتی تەنگژە گەورەکاندا. دیارترین نموونەی هاوچەرخی ئەم کارەساتە لە ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوویدا. دوای واژۆکردنی پەیماننامەی ڤێرسای، ئەڵمانیا بارگرانییەکی دارایی و قەرزی توندی قەرەبووکردنەوەی جەنگی لەسەر شان بوو کە توندوتیژانە ئابوورییەکەی شەکەت کردبوو. حکومەتی کۆماری ڤایمار بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پەنای بردە بەر چاپکردنی بڕە پارەیەکی بێشومار و بێ سنوور لە دراوی "مارک".

ئەم تافو لافاوە لە کاغەزی بێ پشتوانە، بووە هۆی داڕمانی توند، خێرا و بەرفراوان لە بەهای دراوی نیشتمانی ئەڵمانیادا، لە ئەنجامی ئەم کارەدا، قەرزەکانی دەوڵەت بە کردەوە بێ بەها بوون و سڕدرانەوە، چونکە ئەو ملیاران مارکەی کە دەبوو بیانداتەوە، لە ڕاستیدا نرخی کڕینی نانێکیان نەبوو.

لە کاتی جەنگی ناوخۆی ئەمریکادا (١٨٦١-١٨٦٥)، حکومەتی فیدراڵی (باکور) پارەی پێویستی نەبوو بۆ تێچووی شەڕ و قەرزێکی زۆری لەسەر بوو. حکومەت یاسایەکی دەرکرد و جۆرە دراوێکی کاغەزی نوێی چاپ کرد کە پێی دەوترا " Greenbacks ". ئەم پارەیە هیچ پشتگیرییەکی زێڕ یان زیوی نەبوو. حکومەت بەو پارە بێ بەهایە قەرزەکانی خۆی و مووچەی سەربازەکانی دەدا. لێرەشدا هاووڵاتیان باجەکەیان دا؛ چونکە بەهای ئەم دراوە بە خێرایی دابەزی و نرخەکان لە بازاڕدا بە ڕێژەی 100% بەرزبوونەوە.

بەم شێوەیە، لە حاڵەتەکانی هەڵاوسانی توند و لەناکاودا، هەرچەندە حکومەتەکان لە قەرزەکانیان ڕزگاریان دەبێت، بەڵام باجە ڕاستەقینەکەی کۆمەڵگە دەیدات. لەم هاوکێشە ناهاوسەنگەدا، زیانبەخشە گەورەکان هەمیشە چینە لاوازەکانن؛ خانەنشینان کە داهاتەکەیان جێگیرە، کارمەندان کە مووچەکانیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکاندا ناگونجێت، و پاشەکەوتکەران کە دەبینن ڕەنجی چەندین ساڵەی تەمەنیان لە چەند مانگێکدا دەبێتە دووکەڵ.

لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا، حکومەتی عێراق ڕێک هەمان ئەو میکانیزمە شاراوەیەی بەکارهێناوە بۆ ڕزگاربوون لە کورتهێنانی بودجە و قەرزە ناوخۆییەکانی، بەڵام بە شێوازێکی مۆدێرن و یاسایی کە لە ژێر ناوی "چاکسازی دارایی" و "سیاسەتی نەختینەیی"دا دەشاردرێتەوە.

کەمکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دیارترین و کاریگەربووتریین فێڵ بوو کە حکومەت کردی (کە سەرەتای لە کۆتایی ٢٠٢٠ەوە دەستی پێکرد و کاریگەرییەکانی تا ئێستا بەردەوامە). عێراق وڵاتێکە داهاتی بە دۆلارە چونکە نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت، بەڵام خەرجییەکانی ناوخۆ، مووچە و قەرزە ناوخۆییەکانی بە دینارە.

کاتێک حکومەت بە فەرمی نرخی دۆلاری بەرزکردەوە (بۆ نموونە لە ١١٨٢ دینارەوە بۆ ١٤٥٠ دینار)، حکومەت بۆ هەر ملیارێک دۆلاری نەوت، بڕێکی زۆر زیاتر دیناری دەستکەوت. بەو دینارە زیادە دەستکردە، توانی مووچەی فەرمانبەران بدات و قەرزە ناوخۆییەکانی کۆمپانیا و بانکەکان پاکتاو بکات. نرخەکان لە بازاڕدا کتوپڕ بەرزبوونەوە؛ هاووڵاتیان بینییان کە مووچەکەیان وەک خۆیەتی، بەڵام توانای کڕینیان بە ڕێژەی زیاتر لە 20% کەمبووەوە. ئەمە ڕێک هەمان فێڵەکەی دیۆنیسیۆسە، بەڵام لە ڕێگەی تێکشکاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەوە.

لە ئێستادا، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان نرخی فەرمی دۆلار کە بانک ناوەندی دیاری کردووە (١٣٢٠ دینار) و نرخی ڕاستەقینەی بازاڕی ڕەش (کە زۆرجار لە سەرووی ١٥٠٠ دیناردایە) ئەم جیاوازی نرخە، جۆرێکە لە باجی شاراوە. هاووڵاتی سادە باجی ئەو دۆلارە گرانە دەدات کاتێک پێداویستی ڕۆژانە دەکڕێت، لە کاتێکدا داهاتی ئەم جیاوازییە دەچێتە سیستەمی دارایی دەسەڵاتەوە بۆ داپۆشینی کورتهێنانەکان.

حکومەتی عێراق پێویستی بەوە نییە بە زەبری شمشێر وەک دیۆنیسیۆس زێڕی خەڵک کۆبکاتەوە؛ تەنها لە ڕێگەی یاری کردن بە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و فراوانکردنی بڕی نەختینەی بێ پشتوانە لە بازاڕدا، بەشێک لە سەروەت و هێزی کڕینی هاووڵاتیان دەگوازێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەمەش قەرزەکانی سەر شانی خۆی سووک دەکات و باجەکەشی دەخاتە سەر شانی چینە فەرمانبەر و کەمدەرامەتەکان.

د.پیرۆت محمد امین