ئامادەكاری بۆ جەنگ.. توركیا تانكەكانی دەباتە سەر سنوری یۆنان

ڕاپۆرت

08/09/2020‌ 1335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رافائیل ئەلدینۆف راپۆرتێكی لە گۆڤاری "غازیتا رو" بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی هەڵكشانە مەترسیدارەكانی ئەنقەرە لەدژی یۆنان و بە پێچەوانەی دەریاوە ئەسینا لە زەمیندا بەهێزترە.

بەپێی راپۆرتەكە، توركیا گوێزەرەوەی سەربازی زرێپۆش و ٤٠ تانك و دەیان ئۆتومبیلی سەربازی لەسەر سنووری یۆنان كۆكردووەتەوە، هەروەها لە ئێستادا، بەلەمی جەنگی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بوونی هەیە.

لەو بارەیەوە، رۆژنامەنووس لە ئەسینا (جۆن بساروبولوس)، پێیوایە یۆنان نیگەران و ڕاڕا نییە لەدۆخی سەر سنوورە زەمینییەكەی لەگەڵ توركیا، چونكە یۆنان ١٣٠٠ تانكی هەیەو زۆربەیان لەناوچەیەكن، كە ١٣٠ كلم لە سنورەوە دوور نییە. 

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەوەی جێگا نیگەرانییە تواناكەیەتی بۆ شەڕ كردن لە دەریای ئیجەو ئێستاش لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

شارەزایان باس لەوە دەكەن، دوای هەشت ساڵ لە پاشەكشەو رێكارەكانی لە خۆگرتنەوە كە لەلایەن هاوبەشەكانی ئەسینا لە ناوچەی یۆرۆ بەسەریاندا سەپاندبوو، بودجەی بەرگریەكەی بۆ نیوە دابەزیوە، و لە ئێستادا ٣%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێك دەهێنێ.

بە شێوەیەكی كلاسیكی یۆنانیەكان بڕێكی زۆر پارەیان لە بواری بەرگریدا خەرج دەكرد و لەئێستادا ناتوانن ململانێی توركیا بكەن، كە خەرجییەكەیان لە بواری بەرگریدا سێ ئەوەندەی یۆنانە.

پێش ماوەیەك، ئەردۆغان هەرەشەی لە یۆنان كرد بەهۆی ئەو ململانێیەی لە سەر خاوەدارێتی كیڵگە غازی و نەوتییەكان هەیانە لە دەریای ناوەڕاستدا.

هەر لەو بارەوە وتەبێژی رەسمی بەناوی حكومەتی یۆنانیەوە (ستیلیۆس بیتساس) دەڵێت: دۆخی ئەردۆغان لە ئەوروپادا زۆر قورس دەبێت، ئەگەر بێت و توركیا هەنگاوی راستەقینە نەنێت بۆ كەمكردنەوەی هەڵكشانەكانی. 

سەرەڕای ئەوەش، یەكێتی ئەوروپا هۆشداری داوەتە ئەنقەرە، بەوەی رووبەرووی سزای نوێ دەبێتەوە، ئەگەر بێت و هەنگاو نەنێت بۆ خاوكردنەوەی گرژیەكان لەگەڵ یۆنان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە