لە لوبنانەوە بۆ قوبرس "بەلەمی مردن" دەسەڵاتدارانی نیگەران کردووە

جیهان

08/09/2020‌ 798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێک هاوڵاتی لوبنانی وه‌ك دوایین رێگه‌چاره‌ په‌نا بۆ "بەلەمی مەرگ" ده‌به‌ن و بەرەو ئەوروپا بەڕێده‌کەون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی دۆخی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی رابردوو خراپتر بووه‌.

هەموو ئەو هەوڵانەی لوبنانییەکان بۆ باشترکردنی باری ژیانیان داویانه‌ سەرکەوتوو نەبوو، هەموو ئەو ڕێگایانە لە شەقام، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر زەوی تاقییان کردەوە نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام، بەڵام هەندێک له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ رێگای کۆتاییان بۆ دەربازبوون لەسەر دەریای وڵاته‌كه‌ دۆزیوەتەوە، ئه‌وان له‌وێوه‌ بە بەلەم بۆ ئەوروپا رێده‌كه‌ن.

تازەترینیان کاتێک بوو کە گروپێکی 33 کەسی لە شاری بەندەری تەرابلوسی باکوری لوبنان پەنایان بۆ دەریا برد بۆ ئەوەی لە لوبنانەوە دەربازی دوورگەی قوبرس ببن و بەلەمێک بە هەماهەنگی لەگەڵ قاچاغچییەک بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بەکاربهێنن.

بەپێی زانیارییەکان، بڕێکی زۆر پاره‌ کۆکراوەتەوە ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی بەلەمەکە پاش ئامادەکاری بۆ ماوه‌ی چەند هەفتەیەک بۆ گەشتێك لە لوبنانەوە به‌ره‌و قوبرس، بەلەمەکە لە ناوچەی بەندەرەوە لە باکوری لوبنانەوە بەرەو کەناراوەکانی قوبرس بە 33 کەسەوە كه‌ سێ كه‌سیان سووری و 14 كه‌سیان ژن و شه‌ش منداڵ بوون به‌ڕێكه‌وتووه‌.

دوای به‌رێكه‌وتنی به‌له‌مه‌كه‌ وێنەی چەند گەنجێکی ناو بەلەمێکی بچووک لە دەریادا بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی "گەنجانی بەندەری تەرابلوس لە دەرەوەی وڵاتن، گەنجەکانمان کۆچ دەکەن"، به‌ڵام ئه‌وان شكستیان هێنان و ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنان به‌هاوكاری ئه‌ندامانی گاردی کەناری قوبرس كۆچبه‌ره‌كانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ لوبنان.

ئایا وەرزی کۆچکردن بۆ قوبرس دەستیپێکردووە؟

دەسەڵاتدارانی قوبرس 33 کۆچبەریان گەڕاندنەوە، کە ڕۆژی شەممە 5-9-2020 لە لوبنانەوە خۆیان گەیاندبووە لیماسۆل، هاوكات پۆلیس چوار کەسی دەستگیرکرد کە لە نێو گروپێکی دیکە بوون کە 51 کۆچبەری سوری-لوبنانی بوون لە ناو کەشتییەکەدا، پۆلیس پێی وایه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ دەستیان لە دۆسیه‌کانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەیە.

بەلەمەکە کە 33 کۆچبەری لوبنانی و سێ هاوڵاتی سوری هەڵگرتبوو، 5ی ئه‌م مانگه‌ لە کەناراوەکانی لیماسۆل بینراوە و دوای راوێژکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەیان، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ لوبنان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی قوبرس به‌له‌مێكی دیكه‌یان بۆ ئه‌و كۆچبه‌ران ئاماده‌كردبوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی به‌له‌مه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ نزیك بووه‌ له‌وه‌ی  ژێرئاوبكه‌وێت.

گروپەکە بە یاوەری پەرستار، پزیشكانی قوبرس و وەرگێڕێکی کۆچ و ئەفسەرانی پاسەوانی کەناری قوبرس گەڕێنرانەوە بۆ لوبنان، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان.

ژمارەی بەلەمەکان ڕوو لە زیادبوونە

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كان، تا ئێستا دوو گرووپ یان زیاتر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لوبنانەوە خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ کەنارەکانی قوبرس، لە ڕێگەی بەلەمێکی بچووکەوە کە پڕده‌كرێن لە کۆچبەری نایاسایی لوبنانی و سوری.

پێشتریش بەلەمێک کە 55 کەسی لەسەر بووه‌ گەیشتە کەناراوەکانی قوبرس و سەرئەنجام گوازرایەوە بۆ ناوەندی پێشوازی کۆچبەران لە شاری کۆکۆنوتریمیای قوبرس.

هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک گرووپ بەدوای گەیشتن بە ئیتاڵیادا بوون نەک بۆ دوورگەی قوبرس، بەڵام دەسەڵاتدارانی قوبرس بەلەمەكان راده‌گرن و ڕێگرییان لێده‌كه‌ن لە بەردەوام بوون بەهۆی خراپی به‌له‌مه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی ژێر ئاو كه‌وتنیان هه‌یه‌.

چاودێران پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ڕێگەی دەریا هەوڵی کۆچکردن دەدەن لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت، بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە لوبنان.

شاندی قوبرس بۆ تاوتوێکردنی قەیرانه‌كه‌ ده‌چێته‌ لوبنان 

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە دەسەڵاتدارانی قوبرس ڕایانگەیاند: لەم هەفتەیەدا شاندێك دەنێرنە بەیروت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکان بۆ ڕێگەگرتن لە بەلەمەکان، کە پڕده‌كرێن له‌ کۆچبەران و لە کەناراوەکانی لوبنانەوە به‌ره‌و دوورگەی ناوەڕاست ده‌كه‌ونه‌ ڕێ، کە لەم ڕۆژانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆریان راگرتووه‌.

په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌ش نیکۆس نۆریس وەزیری ناوخۆی قوبرس رایگه‌یاند: بەرپرسانی دەزگا جۆراوجۆرەکانی قوبرس کە لەم بابەتەدا تێوەگلاون، لە ماوەی 48 کاتژمێردا سەردانی لوبنان دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین و کاریگەرترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردەیەدا بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە فه‌رمییه‌كان، دەسەڵاتدارانی قوبرس به‌رده‌وام چاودێری دۆخی سنووره‌ ئاوییه‌كان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ پێنج به‌له‌م كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 150 كۆچبه‌ران هه‌ڵگرتووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی وڵاته‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، دوێنێش وه‌زاره‌تی ناوخۆی قوبرس کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخه‌كه‌ و ئه‌گه‌ری خراپتربوونی قەیرانەکە.

دۆخی لوبنان تا دێت ئاڵۆزیی و پشێووی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی چواری مانگی رابردووی به‌نده‌ری به‌یروت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 175 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون و زیاتر له‌ 300 هه‌زار هاوڵاتیش بێسه‌روشوێن بوون.

ه.م