کوتانی هەموو دانیشتووانی جیهان دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ماوەی 5 ساڵ دەخایەنێت

جیهان

16/09/2020‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای (SSI) ی هیندی ، کە گەورەترین کۆمپانیای ڤاکسینە لە جیهاندا رایگەیاندووە کە کوتانی هەموو دانیشتووانی جیهان دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ ناسراو بە (کۆڤید-١٩) نزیکەی چوار بۆ پێنج ساڵی دەوێت .

ئەدار پۆناوالای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی وتووە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە بڕی ١٥ ملیار پێکوتەی دەوێت ، واتە هەر کەسێک دوو پێکوتە ، بەڵام لەهەمان کاتدا هۆشداریداوە لەوەی کە درووستکەرانی ڤاکینەکە توانای بەرهەمهێنانی ئەو ژمارە ڤاکسینەیان نییە .

ئەو باسی لەوە کردووە ئەگەر بێت و تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ڤاکسینی دژە کۆڕۆناش ئامادەبێت ئەوە پسپۆڕان پێشبینی دەکەن لەباشترین حاڵەتدا تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بڕی پێویستی ڤاکسین بۆ کوتانی دانیشتووانی زەوی ئامادە نابێت .

لەوچوارچێوەیەدا دامەزراوەی بیڵ و میلیندا گیتس بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەرخان کردووە کە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەهاماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینکا و کۆمپانیای نۆڤاڤاکس پەرەی پێدەدەن .

وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی