نزیكبوونەوەی كازمی لە فەڕەنسا توركیای هەراسان كردووە

مەلەفی تایبەت

22/09/2020‌ 1614 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كۆششەكانی ئێستای عێراق بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ فەڕەنسا، ئامانجەكەی مشەوشكردن و تەنگەتاوكردنی توركیایە، چونكە ئەنقەرە دەستیوەرداوەتە كاروباری دەوڵەتانی ناوچەكە و بە پاساوی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە جیۆستراتیژییەكانی گەرەكیەتی ڕۆڵێكی گەورەتری هەرێمی و نێودەوڵەتی بگێڕێت.

بۆیە نزیكبوونەوەی مستەفا كازمی و لە ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا توركیای تەنگەتاو كردووە، پاریس- یش گەرەكیەتی بەغدا بكاتە دەروازەیەك بۆ گێڕانەوەی هەژموونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

كازمی نیازی وایە لە ئۆكتۆبەری ئایندەدا سەردانی پاریس بكات، بە گوێرەی لێدوانەكانی فوئاد حوسێنی وەزیری دەرەوەی عێراق، كازمی بە مەبەستی پڕچەككردنی سوپاكەی، داوا لە پاریس دەكات چەك بە عێراق بفرۆشێت. 

كازمی بە پێچەوانەی سەرۆك وەزیرەكانی پێش خۆی كە لە ڕووی ئابووری و ئەمنییەوە پشتیان بە ئێران دەبەست، لە بری یەك ئاراستە چەند ئاراستەیەكی جۆراوجۆری گرتۆتەبەر.

فوئاد حوسێن- یش ووتی كە بەغدا و پاریس ئارەزوومەندن پەیوەندییەكانیان پتەوتر بكەن، چەند پڕۆژەیەكی ئابووریشیان لە بوارەكانی ژێرخانی ئابووری و كەرتی ووزە و نەوت و پرسە ئەمنی و سەربازییەكان گەڵاڵە كردووە. 

سەرەتای ئەم مانگەش ماكڕۆن سەردانی عێراقی كرد، توركەكانیش كە بە پاساوی ڕاوەدوونانی پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری خاكی عێراقیان بەزاندووە، بە تەواوی بەو سەردانە هەراسان بوون، سەرباری ناڕەزاییەكانی عێراقیش لەو بارەوە، كەچی توركیا لە دەستتێوەردانەكانی بەردەوامە.

مدیاكانی توركیا تیشكیان خستۆتەسەر مەترسییەكانی ئەنقەرە لە هەڵكشانی هەژموونی فەرەنسا لە عێراق، نیگەرانیشن لەو پەیوەندییە پتەوەی لە نێوان ماڕۆن و كازمی دایە كە بەم زووانە سەردانی پاریس دەكات و چەند ڕێككەوتنێكیش واژۆ دەكات كە برەو بە بوونی فەرەنسییەكان دەدات لە عێراقدا. 

ئەنقەرە و پاریس لە هەریەك لە سوریا و لیبیا و خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست لە ململانێدان، بۆیە میدیاكانی سەر بە حكومەتەكەی توركیا لە نزیكبوونەوەی نێوان ماكڕۆن و كازمی نیگەرانن. 

بڕیارسازانی ئەنقەرە پێیان وایە جوڵە دبلۆماسییەكانی پاریس لە عێراقدا چەند پەیامێكی گرنگن بۆ هەریەك لە تاران و ئەنقەر.

ماكرۆن لە سەردانەكەی بۆ عێراق هەریەك لە ئێران و توركیای بەوە تۆمەتبار كرد كە لەم ساڵانەی دواییدا بوونە مایەی ئێش وئازارێكی زۆر بۆ عێراق، ئەنقەرە لە هەڵكشانی هەژموونی فەڕەنسا دەترسێت لە عێراق، چونكە ڕێ بۆ پاریس خۆش دەكات شوێنپێییەكی قایمتر بۆ خۆی  لە سوریا دابین بكات.

ماكڕۆن پێشتر ووتبووی كە ئالێنگارییەكانی بەردەم عێراق دەرئەنجامی دەستتێورەدانەكانی هەریەك لە ئیران و توركیان، ڕەخنەشی لە دەستێوەردانە بەردەوامەكانی ئەنقەر گرت بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق.

ماكرۆن پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ سەرخستنی كۆششەكانی كازمی دووپاتكردەوە لە جڵەوگیركردنی گروپە چەكدارەكان، ئەمەش پەیامێكی ڕاستەوخۆ بوو بۆ میلیشیاكانی سەر بە ئێران.

پێنوێنێكی زەقی نیگەرانییەكانی توركیا لە سەردانەكەی ماكڕۆن بۆ عێراق، سەردانە كتوپڕەكەی نیچیرڤان بارزانی بوو  بۆ ئەنقەرە كە دوای 72 كاتژمێر لە سەردانەكەی ماكڕۆن ئەنجامی دا، ئەمەش پەیامی ئەنقەر بوو بۆ پاریس كە ئەگەر ئەوان پشتی بەغدا بگرن، ئەوا توركیاش پشت بە دۆستەكانی دەبەستێت لە هەرێمی كوردستان.

ماكرۆن زیاتر لە بەغدا نزیكە وەك لە هەولێر، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بێدەنگە لە بەرامبەر دەستتدرێژییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكەكەی و سەروەری عێراق.

ئەم نزیكبوونەوەی پاریس و بەغدا لە كاتێك دایە كە ئەمریكییەكان دەڵێن ژمارەی هێزە سەربازییەكانیان لە عێراق كەم دەكەنەوە، ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە پاریس ئارەزووی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەكات كە لەوانەیە لە كشانەوەی ئەمریكییەكانەوە لە عێراق پەیدا ببێت، پاریس كۆششی ئەوەش دەكات برەو بە ڕۆڵێ ناتۆ بدات لە عێراقدا،  تاوەكو خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری سەربازی پێشكەشی سوپای عێراق بكات.

لە سەردانەكەی ماكڕۆن بۆ بەغدا حكومەتی عێراق داوای لە فەرەنسا كردووە لە پرسی گێڕانەوەی سەروەری خاكەكەیدا یارمەتی بدات.

پێشتریش فلۆڕانس بارلی وەزیری سوپا فەرەنسییەكان لە ئۆگۆستۆسی ڕابردوو سەردانی عێراقی كرد، لەگەڵ هەریەك لە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و جومعە عناد جبوری هاوتا عێراقییەكەیی و فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا گفتوگۆی كرد، ئەمەش بە مەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ برەودان بە لێكنزیكبوونەوەی نێوان پاریس و بەغدا بۆ بەرگرتن لە دەستتێوەردانە سەربازییەكانی ئەنقەرە.