وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی هەرێم‌و عێراق..هەڵوێستی پارتی‌و یەکێتی‌و پەکەکە چییە؟

ڕاپۆرت

11/10/2020‌ 2281 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای مشتومڕێکی دورودرێژ لەسەر چارەنوسی قەزای شنگال‌و ناوچە ئێزدی نیشینەکان سەرەنجام وتەبێژی حکومەتى عێراق ڕێکەوتنێکى نوێی لەبارەى قەزاى شنگالەوە ڕاگەیاند.

ڕێکەوتنە بەجۆرێکە کە حکومەتى هەرێم‌و عێراق بەهاوبەشى ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبه‌ن‌و خزمەتگوزارى بۆ دابیندەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغ بەقۆناغ ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

لەخاڵ‌و بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بەهیچ جۆرێک ڕۆڵنەدراوە بەهێزەکانی پەکەکەو یەبەشەو تائێستاش ئەو دوو هێزە هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ڕێککەوتنەکەو پابەندبون بەو بەشەی کە پەیوەستە بەوان یان ڕەدکردنەوەی ڕانەگەیاندوە.

لە٢٣ی ئابى ٢٠١٤ چەکدارانى داعش هێرشیانکردەسەر قەزاى شنگال‌و دەوروبەرى‌و داگیریانکرد، لەکاتێکدا نزیکەى پێنج هەزار چەکدار لەپێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس‌و پاسەوانى بارەگا حزبییەکانى لێبوو، بەڵام نەتوانرا بەرگرى لێبکرێت‌و زوو چۆڵکرا، ئەمەش لەلایەن نەیارەکانى پارتییەوە وەک خیانەتێکى گەورەو ڕادەستکردنی شارەکە بەدوژمن ناوبرا.


هەر لەدەستپێکى هێرشى داعش بۆ سنورەکە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) هێزێکى سێ هەزار گەریلایی ناردە شنگال بۆ بەرگریکردن لەوشارە، دواتریش هێزێکى چەکدارى لەکوڕو کچانى شنگال پێکهێنا بەناوى هێزەکانى یەبەشە.

 

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دابەشکراوە بەسەر سێ تەوەری ئیداریی‌و سەربازیی‌و ئاوەدانکردنەوەدا، لەزۆربەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەدا دەسەڵات دراوەتە حکومەتی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام لەبواری ئەمنی‌و دورخستنەوەی پەکەکەو یەبەشە لەقەزاکە ئەرکەکە بۆ پێشمەرگە دیاریکراوەو چاودێران پێیانوایە ئەمکارە قورس دەبێت‌و کێشە لەنێوان هێزە کوردیەکاندا دروستدەکات‌و ڕەنگە سەربکێشێت بۆ پێکدادانی سەربازیش‌و پێدەچیت ئەمە پلانی تورکیا بێت بۆ لێبڕینی دەستی پەکەکە لەشارەکە بەدەستی ‌هێزێکی کوردیی وەک پارتی.

نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ئەمریکا هەرزوو پێشوازیان لەڕێککەوتنەکەى هەولێرو بەغدا کرد لەبارەى شنگالەوەو ڕایانگەیاند، پشتیوانیی له‌جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كەن له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌قامگیریی بۆ هه‌ردوو گه‌لی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق.

هەر دوای چەند کاتژمێریکی کەم لەڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە بەرپردسانی باڵای  حزبی‌و حکومی پارتی پێشوازیی‌و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە دوپاتکردەوەو لەم نێوەندەشدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لەبارەى ڕێکەوتنەکەوە ڕایگەیاند، "ئه‌م رێكه‌وتنه‌ هه‌نگاوێكى نیشتمانیانه‌ى دروسته‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى وڵاتدا‌و ده‌بێته‌ هۆى بونیادنانه‌وه‌و پته‌وكردنى متمانه‌ له‌نێوان حكومه‌تى فیدراڵى عێراق‌و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، هیوادارین هه‌نگاوى دیكه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردولاى به‌دوادا بێ.

هەر پەیوەست بەڕێکەوتنەکە ڕاستەوخۆ دواى ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکە، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنى بەمستەفا کازمیەوە کردو ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەکە ئاماژەیە بۆ بەهێزبونی متمانەی نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند، لەگەڵ مستەفا کازمی لەپەیوەندیەکدا پشتیوانی هەردولایان بۆ ڕێککەوتنەکە دوپاتکردوەتەوەو دەستخۆشییان لەتیمی هەردولاکردوە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکەو ڕێککەوتنەکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی باڵای پارتی وا لێکردایەوە کە پارتی بەڕێککەوتنەکە زۆر خۆشحاڵ بێت‌و وەک دەستکەوتێکی گەورە سەیری بکات‌و لەبەرامبەریشدا چاودێران پێیانوایە ئەم خۆشحاڵیەی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێککەوتنەکە دەبێتە ڕێگر لەدەستوەردانەکان‌و مانەوەی پەکەکە لەناوچەکە، چونکە پارتى وەکو هێزى دەرەکى‌و ناشەرعى سەیری پەکەکه‌ دەکات‌و پێیوایە بونەتە هۆی  سەرهەڵدانى کێشەیەکى نوێ لەناوچەکەو ئەم قسەیەشیان لەچەند شوێن بۆ بۆنەیەک کردوە کە دواهەمینیان وتارەکەی سەرۆکی حوکەمتی هەرێم بوو لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا.

یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە ٣٠ ساڵە هاوبەشی پارتییە لەحوکمڕانی هەرێم‌و چەندین پۆستی باڵاو بڕیار بەدەستی هەیە لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێم‌و خاوەنی هێزێکی سەربازی تایبەتە تائێستا بێدەنگیی هەڵبژرادوەو لەسەر هیچ ئاستێک بەفەرمی قسەی لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە نەکردوە.

دوای ئازادکردنەوەى شنگال لەلایەن پەکەکە‌و یەبەشە لەلایەک‌و هێزی پێشمەرگە لەلایەکى دیکە، ناکۆکی‌و ململانێی سێ کوچکەیی لەنێوان پەکەکەو پارتى‌و حکومەتى عێراق دروستبوو کە لەئیستادا تورکیاش بۆتە بەشێک لەیارییەکەو ناوەناوە ئەو هێزانە لەشنگال‌و دەوروبەرى بۆردومان دەکرێن، چەندجارێکیش دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندوە کە ڕێگەنادەن شنگال بکرێتە قەندیلى دوەم.

چاوەکان لەسەرئەوەن لەچەند ڕۆژی داهاتودا پەکەکەو یەبەشە هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنن‌و ئاراستەی ڕوداوەکانی دوای ڕێککەوتنەکە دەربکەون.