شارپرێس:
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردوە، شەڕە قسەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاو ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا، خزمەت بەئامانجە سیاسییەکانی هەردولایان دەکات.
پاتریک وینتۆر نوسەر لەڕاپۆرتێكدا كه لەڕۆژنامەی گاردیانی بەریتیانیدا بڵاویکردۆتەوە نوسیویهتى:"هەردوو سەرۆک هۆکاری سیاسی ناوخۆییان هەیە بۆ بەردەوامبون لەسەر ئەو دۆخە گرژە، بەجۆرێک ماکرۆن پێویستی بەوەیە هاوشێوەی پارتە ڕاستڕەوەکان، هێزو توانای خۆی لەبەرەنگاربونەوەی توندڕەویی ئیسلامی نیشانبدات".
وهكو پاتریک ئاماژهى پێكردوه، "ئەردۆغانیش لەوڵاتەکەیدا لەژێر فشاری جەماوەریدایەو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر هەوڵدەدات خۆی وەک سەرۆکی بزوتنەوەی سوننە لەجیهانی ئیسلامیدا نمایشبکات".
ئەردۆغان لەدوا لێدوانیدا هێرشێكى توندى كردۆتهسهر ماكرۆنو وتویهتى:"ماکرۆن مێشکی لەدەستداوەو پێویستی بەچارەسەری دەرونی هەیە".
ئهردۆغان ڕەخنەی لەهەڵکشانی دژە ئیسلامیزم لەناوخۆی ئەوروپا گرتوەو ماکرۆنی بەئامانجگرتوە، کە ئەم قسانە هەڵڵایەکی گەورەی لەناوخۆی فەڕەنسا دروستکرد، بەشێوەیەک کۆشکی ئەلیزێ باڵیۆزی فەڕەنسای لەئەنكەرە بۆ ڕاوێژکردن بانگکردەوە.
لەبابەتەکەدا پاتریک باسى لهوهكردوه، ئەوەی ئەنكەرەی توڕەکردوە ئەوەیە ماکرۆن هەڵمەتێکی بۆ پاراستنی بەها عەلمانییەکانی فەرەنسا لەدژی ئیسلامی ڕادیکاڵ دەستپێکردوە، "کوشتنی مامۆستا فەڕەنسییەکەش زیاتر ئاگری ناکۆکییەکەی خۆشکردو مشتومڕەکانی زیندوکردەوە".
ڕۆژنامەکە ئهوهشى بڵاوكردۆتهوه، هەم ئەردۆغانو هەمیش ماکرۆن پاڵنەری سیاسیی ناوخۆییان هەیە بۆئەوەی درێژە بەمجۆرە مشتومڕانە بدەن، بەجۆرێک هەرچی ماکرۆنە دەبێت خۆی وادەربخات کە بهلایەنی کەمەوە وەک نەیارە سیاسییەکانی توانای بەرەنگاربونەوەی توندڕەویی ئیسلامی هەیە، ئەردۆغانیش کاردەکات بۆئەوەی خۆی وەک ڕێبەری بزوتنەوەی سوننەی جیهانی ئیسلامی نیشانبدات لەکاتێکدا بەدەست فشاری جەماوەریو ڕای گشتیی تورکیاوە دەناڵێت.
ڕوداوی سەربڕینی مامۆستایەکی فەرەنسی بەناوی ساموئێل بەتی لەلایەن گەنجێکی موسڵمانەوە بەهۆی ئەوەی لەپۆلدا کاریکاتێرێکی گاڵتەئامێزانەی لەسەر پێغەمبەر (محەمەد) نمایشکردبوو لەدوای قەیرانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، جارێکی تر گرژییو ئاڵۆزییەکانی لەنێوان تورکیاو فەرەنسای زیاترکردەوە.
وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی