نەیزەکێک هەژارێک دەکاتە ملیۆنێر

هەمەڕەنگ

22/11/2020‌ 1089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، پیاوێکی هەژاری ئیندۆنێزی کە لەهەموو ژیانیدا خەریکی دروستکردنی دارەمەیت بوە، بەهۆی کەوتنی نەیزەکێک بەسەر ماڵەکەیدا لەپڕ دەبێت بەملیۆنێر.

ئەو پیاوە کە ناوی یوشواهوتا-گالۆنگەو لەشارۆچکەی کۆلانگی باکوری ئیندۆنیزیا لەبەردەم ماڵەکەیدا خەریکی دروستکردنی دارەمەیت بوو، بەڵام لەپڕ نەیزەکێک کە کێشی دوو کیلۆگرام دەبێت بەسەر ماڵەکەیدا دەدات‌و خانوەکەی کون دەکات.

لەوبارەیەوە یوشوا هوتا دەڵێت:"ڕوداوەکە وەک ئەوە وابوو درەختێک بەسەرماندا بکەوێت، ماڵەکە هەموو لەرزییەوە، لەبەرئەوەی نەیزەکەکە هەر گەرم بوو، بۆیە هاوسەرەکەم هەوڵیدا بەخاکەنازێک لەو چاڵە دوریبخاتەوە کە لەماڵەکەدا دروستیکردبوو".

پێگەی "فۆکۆس"ی ئەڵمانی باسی لەوەکردوە، کابرای ئیندۆنێزی کە هەموو ژیانی خەریکی دروستکردنی دارەمەیت بوو، لەپڕ بوه‌ ملیۆنێر، لەبەرئەوەی نرخی نەیزەکەکە زیاتر لەیەک ملیۆن‌و 500 هەزار یۆرۆیە".

پسپۆڕان دەڵێن:"تەمەنی نەیزەکەکە چوار ملیارو 500 ملیۆن ساڵەو چەندین توخمی تێدایە کە دەکرێت زانیاری گرنگ لەسەر بنەڕەتی ژیان بەدەستەوە بدات.

یوشوا دەڵێت:"نرخی نەیزەکەکە یەکسانە بەبەهای ٣٠ ساڵ کارکردنم لەپیشەکەمدا، کڕیاری نەیزەکەکەش پسپۆڕێکی ئەمریکی بوە لەویلایەتی ئەریزۆنا".

کابرا ئیندۆنیزییەکە بڕیاریداوە بەو پارەیەی لەفرۆشتنی نەیزەکەکە دەستیدەکەوێت لەگوندەکەی خۆیان کڵێسایەکی پێ دروستبکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی