مەلا بەختیار: چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكەم، ئەوكاتە هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم

کوردستان

25/11/2020‌ 1407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار سه‌باره‌ت به‌ سڕكردنی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی رایگه‌یاند، چاوەڕێ‌ ده‌كات بزانێت ئەنجومەنی باڵا سیاسی لەسەر ئەم بڕیارە، كە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە ‌و پێشلێكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە، چ هەڵوێستێكیان دەبێـت، ئەوكاتە لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئەنجومەكە، هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت. 

مەلا بەختیار له‌ نوسینێكدا بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژمارەیەك لەهونەرمەندانی شێوەكار، سەردانی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، وتی: "من نامەوێ‌ بەهیچ جۆرێك بچمە ناو ئەو بابەتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی چاوەڕێ‌ دەكەم بزانن ئەنجومەنی باڵا سیاسی لەسەر ئەم بڕیارە، كە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە ‌و پێشلێكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە، كە جەنابی كاك كۆسرەت سەرۆكی، بزانم چ هەڵوێستێكیان دەبێـت، ئەوكاتە لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئەنجومەكە، منیش هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم".

وتیشی: "ئێستا قسەی من، قسەی تر دەبێت لەگەڵ ئێوە، نەك قسەی ئەوەی كە كەوتومەتە تەنگژەوە، چونكە چركەیەك لەهەستما، لەهەڵوێستما، لەمێژوومدا، لەئێستاو لەئاییندەمشدا، بۆ چركەیەك ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەرم نەبووە. منیش هەروەم لەناوتاندام، لەناو مێژوو و لەناو میللەتەكەمدام، ئێستاش كەهەم و لەئاییندەشدا ئەگەر قەدەرێك نەیاتە پێشەوە، ئەوا هەر لەناو هاوكێشەكاندام و كاراكتەرێكم لەو كارەكتەرانەی كە كاریگەریم هەیەو كاریگەریشم لەسەر دەبێ‌".

مه‌لا به‌ختیار راشیگەیاند: بۆیە دەمەوێ‌ قسە لەسەر بارودۆخەكە بكەین و ئەوەش بۆ ئێوە گرنگە، چارەنوس‌و ئەزمونەكە گرنگە، ئەو قەیرانانەی رووبەڕوی حكومەت و خەڵك بۆتەوە گرنگی ئێستایە، لەبەر ئەوەی كاریگەری ئەو قەیرانە لەسەر هەموو هاووڵاتیەكی كوردستان و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش هەیە، كە قەیرانەكە هەمووان پێكەوە دەهاڕێ‌.

رونیشیكردەوە: راستە دەسەڵات كەوتۆتە تەنگژەوە‌و هەوڵدەدەن و بڕیاردەن، بەڵام لەسیاسەتدا ئەنجام گرنگە، ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەشی هەتا ئێستا دراوە: یەكەم، ئەوەیە تا ئێستا یەك مانگ بەمسۆگەری موچەی خەڵك دابینناكرێت ‌و هەموو ئەو قەرزەی حكومەتیش هەیەتی، كەمنابێتەوە. كەوابێ‌ لەیەكەوە قەرز كە كراوە بەهەر هۆكارێك بێت، كە هۆیە سەرەكییەكەی بودجەو موچەیەو هۆی تریشی لەپاڵدا هەیە‌و بارێكی ئێجگار قورسیشە لەسەر ئەم حكومەتە.

ئه‌وه‌شی وت: كۆی كێشەكانی حكومەتەكانی پێشووی هەرێم، ئەم دۆخە ئابورییە، ئەم ژێرخانە لاوازەی لەكوردستاندا دروستكردووە. لەكاتێكدا دەبوایە ئێستا ئێمە نزیك بكەوتینایەتەوە لەسەنگافورە، كە یەكێكە لەجوانترین نمونەكانی پێشكەوتووی دنیا، بەپێچەوانەوە هاوشانی فەنزیلا دەڕۆین كە یەكێكە لەنابوترین حكومەتەكانی دنیا! زۆر بەداخەوە.

مەلا بەختیار ده‌شڵێت: هەرسێ‌ دەسەڵاتی حكومی، حزبایەتی و گەندەڵی قۆرخی هەموو جومگەكانیان كردووە، بۆیە هەتا هەژمونی ئەم سێ‌ دەسەڵاتە بەردەوامبێ‌ لەكوردستاندا، ئەوەی پێدەوترێت بزوتنەوەی مەدەنی، داهێنانی مەدەنی و سەربەستی مەدەنی، لەكوردستاندا ناتوانێ‌ كاری خۆی بكات، چونكە هونەر بەنمونە تەنها لەژینگەی مەدەنیدا دەتوانێ‌ ببێت بەخاوەن سەربەستی و چالاكی سەربخۆ و بزوتنەوەی سەربەخۆی خۆی، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا ئێوەی هونەرمەندان لەوانەن كە هەمیشە زەرەتان پێدەگات. بەڵام بەپێچەوانەوە هەركاتێ‌ فشاریمەدەنی دروست ببێت، نەك فەوزاو ئاژاوەو بڕوخێ‌، ئەوا ئێوە وەك هونەرمەند قازانجتانەو ئەوكاتە دەتوانن سەربەستانە هونەرمەندان، نوسەران و رووناكبیران‌و سەرجەم چین‌و توێژەكانی تریش، داوای مافەكانی خۆی بكات.

جەختیشیكردەوە، هەمیشە هونەرمەندان، رووناكبیران‌و نوسەران، بەهەڵوێستەوە لەكاتی ناخۆشی و قەیرانەكاندا دەبێتە هونەرمەند و نوسەرو رووناكبیر‌و دەبێت قاڵبوی ژان و ئازارەكان بێت. هەروەك جوانترین قۆناغی مێژووی هونەرمەندانی كوردستان، قۆناغە سەختەكان بووە، ئێستاش تاموچێژی كارە هونەرییەكان، شانۆ و تابلۆكانی بەرەمز دەتوانن، چێژی خۆی لەدەستنەداوە. بۆیە ئێوە‌ومانانیش دەبێت هەروەك مێژووی قۆناغە سەختەكان، خاوەن هەڵوێستە جوانەكانی خۆتانبن‌و باوەڕیشموایە هونەر دەتوانێ‌ جارێكی تر، قۆناغێكی گەش تۆمار بكات.