سێ بڕیارى گرنگ بۆ دەربازبونی ھەرێم لەقەیرانێکی گەورە ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

05/12/2020‌ 2365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، بەجێبەجێکردنی سێ بڕیار، نەک گرفتی موچە چارەسەردەبێت، بوژانەوەی ئابوریش ڕودەدات.

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:" بەجێبەجێکردنی سێ بڕیار، نەک گرفتی موچە چارەسەردەبێت، بوژانەوەی ئابوریش ڕودەدات، بۆیە سەرۆکی حکومەت‌و کۆی ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژویدان".

ئاماژه‌ى به‌هه‌رسێ بڕیاره‌كه‌ش كردوه‌و نوسیویه‌تى:"یه‌كه‌م ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق‌و ئامادەیی دەربڕین بۆ ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل‌و له‌٥٠٪‏ داھاتە فیدڕاڵییەکان".

بۆ بڕیارى دوه‌میش ده‌ڵێت:"کۆتاییھێنان بەقاچاخی‌و کۆمپانیاکاری خاڵە سنوریەکان کە حکومەت لە ٢٠٢٠/٣/٢٢ بڕیاری لێداوەو تائێستا جێبەجێی نەکردوەو قەبارەکەی ١٧٠ ملیار دیناری مانگانەیە".

بۆ كۆتا بڕیاریش عه‌لى حه‌مه‌ساڵح نوسیویه‌تى:"پێداچونەوە بەخەرجی‌و گەندەڵی‌و گرێبەستەکانی دۆسیەی نەوت، چونکە ئەم پێداچونەوە نەکرێت، بەدڵنیای گرفت بۆ خاڵی  یەکەم دروستدەبێت، کە ڕێێکەوتنە لەگەڵ عێراق".

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"دڵنیابن ئەم سێ ڕێگایه‌ خواستی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر ئەم سێ ڕێگه‌یه‌ نەگیرێتەبەر قەیرانێکی قوڵ ڕوو لەھەرێم دەکات‌و ھۆکارەکەشی حکومەتی ھەرێمە".