هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی له‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غداد داوایه‌ك له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن

عیراق

19/01/2021‌ 1354 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ  کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ داوایان لێكردووه‌ ئەمریکا کرد کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور.

لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی بڵاویكرده‌وه‌، "ئەمڕۆ لەگەڵ بافڵ تاڵه‌بانی لە شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد لە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی. لە دیدارێکدا بیروڕامان وئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوەکانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانیشمان دووپات کردەوە بە ئامانجی سازکردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەکان".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە. 

لاهور شێخ جه‌نگی ده‌شڵێت، "تەئکیدمان لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت، هاوکات بە خاڵێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم. ئامادەیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پاراستنی یەکڕیزیی لە نێوان هێز و لایەنەکان".

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداد،لاهور شێخ جه‌نگی نوسیوویه‌تی: "داوامان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە  کێشە و ململانێی سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت".