سەرکەوت شەمسەدین: پارتی بێ یەکێتی و گۆڕان هەرگیز ناتوانێ سلێمانی پەڕاوێز بخات

کوردستان

23/02/2021‌ 841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى هیوا لەپەرلەمانى عێراق دەڵێت: سلێمانی بەتەواوی و بەمەبەست پەراوێز خراوە، پێیشیوایە پارتی بێ یەکیتی و گۆڕان هەرگیز ناتوانێ سلێمانی پەڕاوێز بخات.

سەرکەوت شەمسەدین ئەندامى هیوا لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند"دروستکردنی ترس و دێواندنی سلێمانی و شوبهاندنی بە مەنبەعی سیاسەتی ئێرانی و ترساندنی دبلۆماتکارانی بیانی بەوەی سلێمانی وەک شارێکی بێ ساحێب و فەوزا وەسف ئەکات گەمەیەکی سیاسی نیە بەتەنیا دژی ئۆپۆزسیۆن و دژی یەکێتی، بەڵکو پلانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان لە رێگەی سرینەوەی سلێمانی و نەهێشتنی کاریگەری سیاسی و ئابوری سلێمانی، چونکە پارتی دڵنیایە تا سلێمانی بەهێز بێت ئەو ناتوانێت لە حوکمی نیوەی کوردستان زیاتر بکات".

ئاماژەى بەوەشکردوە، کاتێک سلێمانی و هێزەکانی ئەم سنورە لاواز ئەبن و تەسلیمی پارتی ئەبن، ئیدی پارتی هەموو سەرنجەکان لەسەر سلێمانی لا دەبات و دەیکاتە قەزایەکی پەراوێزخراو کە شارەکە لەبەردەم وەزیری دارایی و ئەمین عامی ئەنجومەنی وەزیران زەلیل بکات بۆ ۱٠٠ هەزار دۆلار.

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، پارتی پاش تەسلیمبونی یەکێتی و گۆڕان توانی کارێک بکات هەموان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی (۱٠٠) مەتری سلێمانی بخاتە سەرچۆک.

سەرکەوت شەمسەدین دەشڵێت، پارتی لە ناو هێزە سونەکان و لای ئەمریکی و ئەوروپییەکان بەردەوام سلێمانی وەک شارێکی ترسناک و ژێر کۆنترۆڵی ئێران وێنا دەکات، بەجۆرێک هەر بابەتێکی نارەزایی سلێمانی یان پرسی لامەرکەزی لای ئەو هێزانە وەک پلانی ئێرانی ئەژمار دەکات.

هاوکات ئەو پەرلەمانتارە ئەوە دەسخاتەڕوو کە وێنەیەک دروستکراوە کە گوایە پارەیەکەی زۆر لە سلێمانی هەیە و بەڵکو پارەی دهۆک و هەولێریش بۆ سلێمانی دێت، بەوتەى خۆی ئەمە ئیرهابێکی ترسناکە بۆ دروستکردنی رق و کینە لە نێوان هاوڵاتیانی سلێمانی و دهۆک و هەولێر.

لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمنتارە روونیکردوەتەوە، لە ۲٠٠۷ ەوە پارتی پارەی پشکی هەموو هەرێمی بەکارهێناوە لەگەڵ دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زۆرترین وەبەرهێنان تەنیا لە ژێرخانی نەوتی دهۆک هەولێر  بکات و سلێمانی بەتەواوی و بەمەبەست پەراوێز خراوە بەڵام پێیوایە پارتی بێ یەکیتی و گۆڕان هەرگیز ناتوانێ سلێمانی پەڕاوێز بخات.
س.هـ