سوپای عێراق داوا لەهێزەکانی نزیک لە پەکەکە دەکات شەنگال چۆڵ بکەن

عیراق

28/03/2021‌ 846 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانێکی حەیدەر شەشۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق تا رۆژی یەکی نیسان مۆڵەتی داوەتەوە هێزە چەکدارییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بۆئەوەی شەنگال بەجێبهێڵن.

حەیدەر شەشۆ بە تۆڕی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، سوپای عێراقی تاوەکو رۆژی یەکی نیسانی داهاتوو مۆڵەتی داوەتە هێزە چەکدارییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بۆئەوەی ناوەندی شاری شنگاڵ چۆڵ بکەن، پێشبینیشی کردووە ئەگەر بێت و ئەو هێزانە داوکارییەکەی سوپای عێراق جێبەجێ نەکەن، ئەوە دوای ئەو بەروارە هێزیان لەدژ بەکاربهێنرێت.

شەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوهێزانەی سەر بە پەکەکە لەناو بارەگا حکومییەکانی شاری شەنگالدا جێگیربوون و کۆمەڵێک مەرجیشیان هەیە بۆئەوەی بارەگا سەربازییەکانیان چۆڵ بکەن، کە لەدیارترینیان بریتیە لەوەی ئەندامەکانیان بگوازرێنەوە سەر سوپا و پۆلیسی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش دانوستان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.

فەرماندەی هێزەکانی ئێزیدخان باسی لەوەشکردووە کە حکوومەتی بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی ڕێککەوتننامەی شەنگال جێبەجێ بکرێت و هێزە نافەرمییەکان لەناو شەنگال و لەسەر چیای شەنگال نەمێنن.

رۆژی ٩ ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە چاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکیان واژۆکرد، کەبەپێی ئەوە سەرجەم هێزە چەکدارییەکان قەزای شەنگال چۆڵ دەکەن و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەدرێتە دەست پۆلیسی فیدراڵی.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی