ستەم لەناو میدیاکانەوە
له‌سه‌ر هه‌شت وشه‌ ده‌ركرام

ڕاپۆرت

29/03/2021‌ 1510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:شەیما جاف

٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ڕۆژێکی پڕ چالاکیم بەڕێکرد، وەک بەرپرسی گشتی تۆڕی پەیامنێرانی ئێن ئار تی، پەیامنێرانم بۆ کار ڕاسپاردبوو، بەرهەمەکانیانم کۆکردبۆوە و رادەستی سەرنوسەری شەفتی ئێوارەم کردبوو تا لە نەشرەی هەواڵەکان داینبەزێنێت، کاتێک جانتاکەم هەڵگرت و بەڕوویەکی خۆشەو ماندوونەبوونم لەهاوڕێکانم کرد و ویستم بەپەلە خۆم بگەیەنمە دایەنگا تا منداڵە یەک ساڵەم ببمە ماڵەوە، لەوکاتەدا بەڕێوەبەری کەناڵ بانگیکردم و پێی ڕاگەیاندم سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاری دەرکردنی داویت و ئەمڕۆ دواڕۆژی کارکردنت دەبێت لە ئێن ئاڕ تی، هۆکارەکەشی ئەو ڕەخنەیەیە کە دوو مانگ لەمەوبەر هاوسەرەکەت لە فەیسبووک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی گرتووە!


من ناوم شەیما عەبدوڵایە ناسراوم بە شەیما جاف، ساڵی ١٩٨٩ لە هەڵەبجە لە دایکبووم، ساڵی ٢٠١٢ کۆلێژی سینەمام لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە.

مێژووی سەرەتای کارکردنم لەڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ لە تەلەفزیۆنی نەورۆز، پاشان لە چەندین سایت و ڕادیۆی جیاوازم کارمکردووە.

ساڵی ٢٠١٢ لە تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەک پەیامنێر لە شاری هەولێر دەستبەکاربووم، پەیامنێری  سیاسی بۆ من لەوکاتەدا وەک تەحەددایەک وابووم چونکە لەوکاتەدا من وەک کچێک تاکە پەیامنێری سیاسی تەلەفزیۆن بووم.

یەکەم پەیامنێری مێینە بووم لەکاتی شەڕی داعش چوومە بەرەکانی جەنگ و ڕإستەوخۆ ڕووماڵی بەرەکانی جەنگم لە سنوری مەخمورو گوێرو خازر دەکردو چەند جارێک ڕووبەرووی مەترسی لەسەر گیان لەسەر خۆم و کامێرامانەکەم دروستبوو لە کاتی ڕووماڵی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.

لە ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ لە کاتی ڕووماڵی کۆبوونەوەی حزبەکان بۆ پێکهانی حکومەت لە بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی لە هەولێر ڕێگریم لێکرا بە بیانووی ئەوەی پاسەوانی ژنیان نییە پشکنیم بۆ بکات، دیارە ئەوەش بەرەنجامی ئەو عەقڵی پیاو سالارییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو ڕێگرییە لەوکاتەدا  کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.



جگە لەوەش لە چەند شوێنێکی دیکەدا لەکاتی ڕووماڵی بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسیییەکان ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشار بوومەوە.

لە ئەیلولی ٢٠١٥ دوای ئەوەی هاوسەرگیرم کرد لەگەڵ ڕۆژنامەنووس سەرهەنگ ئیسماعیل هاتمە سلێمانی. دوای هاتنم بۆ سلێمانی وەک بەرپرسی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی دەستبەکاربووم و بە شاهێدی پەیامنێران و بەرپرسانی کەناڵە توانیم بە هۆی ئەو ئەزموونەی وەک پەیامنێر هەمبوو لە کارەکەم تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتووبم و منیش دڵسۆزانە کارم بۆ کەناڵەکە دەکرد سەرباری ئەوەی موچەکەشم کەمبوو چونکە ئێن ئاڕ تیم بە ماڵی خۆم دەزانی.

لە نیسانی ٢٠١٤ هاوسەرەکەم لەسەر پۆستێکی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەوکاتەدا لیستێکی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستکردبوو لە پەیجە گشتییەکەی کۆمێنتێکی نوسی بەڵام ئەو جگەلەوەی بە زمانێکی زۆر زبر وەڵامی دابۆوە بۆ ڕۆژی دواتر بە بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی لەوکاتەدا وتبوو دەبێت دەربکرێن بەڵام بەهۆی ئەوەی پێش هەڵبژاردن بوو ئەو بڕیارەی دواخست، ئەوە لەکاتێکدا بوو لەوکاتەدا لە چاوپێکەوتن و پۆستەکانی لە فەیسبووک بانگەشەی ئەوەیدەکرد کە ئەو هیچ پەیوەندی بە ئێن ئاڕ تیەوە نەماوە.

پۆستەکە پەیوەندی هەبوو بە یاری نێوان یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی‌و بایرن میونشنی ئەڵمانی، هاوسەرەکەشم لەبەر ئەوەی هاندەری یانەی بەرشەلۆنەیە لەو پۆستە نیگەران بووبوو سەرنجی خۆی دابوو.


بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ لەو ڕووداوە بە بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی وتبوو ئەو کۆمێنتەی پێ هەزم ناکرێت و دەبێت خۆی و هاوسەرەکەی دەربکرێن، لەکاتێکدا من نە کۆمێنتەکەم نوسیبوو کە هیچ شتێکی دیکە هەبوو، دیارە ئەوەش دیسان باجی مێینە بوون بوو دام، ئاخر قسەی هاوسەرەکەم چ پەیوەندی بە منەوە لە چوار چێوەی ئیشدا!

رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بەڕێوەبەری ئەو کاتەی ئێن ئاڕ تی لەیەک رۆژدا بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت بەمن و هاوسەرەکەمی راگەیاند کە کارەکەمان لە ئێن ئاڕ تی کۆتایی هاتووە.

بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی پێشی وتین "ناتوانین هیچ نوسراوێکتان بدەینێ و بنوسین لەسەر ئەوەیە بەڵام دەتوانین بڵێن خۆتان بەڕەزامەندی خۆتان وازتان هێناوە تاوەکو بڕیارەکە دەرکردن نەبێت".

من کاتێک ئەو قسەیەم بیست تووشی شۆک بووم چونکە من شەش ساڵ بوو لەوکەناڵە ئیشم دەکرد، بەرپرسی پەیامنێران بووم  و دوو مانگ بوو بەبێ موچە دەوامم دەکرد، بەڕاستی ناخۆشە دوای ئەو هەموو خزمەتە بەو شێوەیە لەسەر شتێکی هیچ کە هیچ پەیوەندیش بەمنەوە بوو دەربکرێم، ناخۆشییەکی دیکە ئەوە بوو من کەسێم ناسراوم بەرگری لە مافی ژنان دەکەم و وەک میدیاکار چەندین ئیشم لەسەر کرد بەڵام دواجار خۆشم بوومە قوربانی عەقڵی پیاوسالاری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بەهۆی مێردەکەمەوە دەرکرام!.

بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارەی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ دەبێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن پابەندی هەموو ئەو مافانە بن کە لە یاسا بەرکارەکان  گرێبەستی پەسەندکراو لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنامەنووسان دیاریکراون بەڵام ئێن ئاڕ تی تاک لایەنانە و لەیەک ڕۆژدا بەبێ هیچ حسابکردن بۆ دۆخی ژیانم کە کرێچی بووم بڕیاری دەرکردنی خۆم و هاوسەرەکەمیدا.

ئێمە لەگەڵ ئێن ئاڕ تی گرێبەستمان هەبوو، بەڵام هیچ حیسابێک بۆ ئەو گرێبەستە نەکراو دەرکراین، تەنانەت ئەو کاتە ئێن ئاڕ تی دوو موچەی ئێمە قەرزدار بوو، دواتر لەکاتێکی تر ئەو مووچانەمان وەرگرتەوە.

دوای ئەوای ئێمە بێدەنگ نەبووین و هەواڵەکەمان بڵاوکردەوە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە پەیوەندی پێوەکردم و نوسیبووی "ئەوە بڕیاری کەناڵە و کەمکردنەوە کارمەندە". لەکاتێکدا لە کوێ هەبوو پێش کارمەند بەرپرس ئیزن بدرێت وە بە شاهێدی هەموو ئەوانە لە ژووری هەواڵ بوون ئێمە لەهەر باشترین کارمەندەکان بووین بۆ دەکرێت دوو کەسی لەو شێوەیە لەیەک خێزان کە ژیانیان لەسەر ئەو موچەیە بوو بەیەکەوە دەربکرێن، نەخێر ڕاستییەکەی هەر کۆمێنتەکە بوو کە بەڕێوەبەر و بەرپرس و جێگری ژووری هەواڵ بە ڕوونی پێیان وتین لەسەر ئەو کۆمێننتەیە و هیچ دیکە نییە، تەنانەت دوای خوا حافیزی بەڕێوەبری ئێن ئاڕتی کە هاوڕێمان بوو چاوی پڕبوو لەئاو .

دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری دەرکردنەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەڵام سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و لایەنی پەیوەندیدار وەک هەمیشە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانە دەزگایەکانی ڕاگەیاندن و خاوەنەکانیان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەیکەن بێدەنگیان هەڵبژارد، ئێمەش هیچ سلکاڵایەکمان نەکرد چونکە زانیمان بێ سوودە.


خۆ وا نەبێت ئێمە تاکە دوو کەس بین بەو شێوەیە دەرکرابین، بگرە ئەوانی تائێستا لەو دەزگایە بەتۆمەتی سیخوری  و شتی لابەلا دەرکراون ژمارەیان بە دەیان کەسە، بەڵام هیچ شوێنێک نییە بەرگریان لێ بکات و تەنانەت هیچ جێگەیەک نییە تەنیا ژمارەی دەرکراوەکان کۆبکاتەوە.

ژیلوان قادر ناوی خوازراوی بەرپرسێکی پێشووی ئێن ئاڕ تییە کە خۆی داوایکرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، کاتێک بۆ ئەم چیرۆکە پەیوەندیم پێوە کرد وتی: "ماوەی نزیکەى سێ ساڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەرپرسیارێتیم هەبووە، ماوەیەک پێش بەرپرسانی سەرەوەى کەناڵەکە داوایان کرد کە هاوسەری شەیما دەربکرێت و شەیماش لەگەڵیدا، ئێمە زۆر هەوڵمان دا کە ئەوە نەکرێت، نزیکەى یەک مانگ هەر خەریکی داواکاری ئەوە بووین کە ئەو کارە نەکرێت بەڵام بێ ئەنجام بوو، دواجار ناچاربووین پێیان بڵێین، هۆکاری سەرەکی دەرکردنیشیان نوسینی کۆمێنتێک بوو لەلایەن هاوسەری شەیماوە لە فەیسبوک دژی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، خاوەنی ئێن ئاڕ تی، هەرچەندە لەکاتی خۆیدا بڕیاری دەرکردنی نەدان، بەڵام دوای ماوەیەک ئەوە ڕوویدا. 

هاوکار عەبدولستار کە پێش وازهێنانی بەرپرسی ئاوت پوتی کەناڵەکە بوو یەکێک بوو لەو هاوکارانەمان کە لەنزیکەوە ئاگاداری دەرکردنی ئێمە بوو، ئەو دەڵێت "شەیما عەبدوڵا یەکێک بوو لە رۆژنامەنوسەکانی کەناڵی ئێن ئاڕتی، سەرەتا وەک پەیامنێر لە شاری هەولێر دەستی بەکارکرد و توانیتی رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لەگەیاندنی هەواڵ و زانیاری و راپۆرت بۆ بینەرانی کەناڵەکە. ئەوکاتە من بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵەکە بووم، لەدوای ساڵی ٢٠١٥ کاتێک گۆڕانکاری گەورە لەکەناڵەکە کرا ئەویش هاوسەرگیری کردو هاتە سلێمانی و لە ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لەگەڵ هاوسەرەکەی کاری دەکرد. لەو قۆناغەش جێگە دەستی دیاربوو و کرا بە بەرپرسی پەیامنێران و بەشێوەیەکی باش سەرپەرشتی و ڕێنمای پەیامنێرەکانی کردوە.

سەرئەنجام بەهۆی نوسینی کۆمێنتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کە هەواڵسازبوو لەژوری هەواڵی ئێن ئاڕتی بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.دوای چەند مانگێک لەنوسینی کۆمێنتەکە هاوسەرەکەی و شەیما پێکەوە لەلایەن ئیدارەی کەناڵەکەوە کۆتایی بەڕاژەکەیان هێندرا لەکاتێکدا شەیما هیچ تاوانێکی نەبوو".

هاوکار دەشڵێت "ئێمە ئەوکات زۆر هەوڵماندا ئەو بڕیارە راگرین بەڵام بەداخەوە نەماتوانی و سەرئەنجام هەردووکیان بەیەکەوە و لەیەک کاتدا بێ کار کران".

ئەوا بیست مانگە لەسەر کۆمێنتێکی هەشت وشەیی خۆم و هاوسەرەکەم دەرکراوین‌و هیچ سەندیکاو رێکخراوێکیش هەقی بۆ وەرنەگرتوینەتەوە، ئێستا من بەهۆی ئەوەی منداڵی ساوام هەیە هیچ ئیشێک ناکام بەڵام هاوسەرەکەم لە دەزگایەکی دیکەی میدیایی کار دەکات.