شارپرێس:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق ڕایدەگەیەنێت، سورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالو ڕێگە بەبوونی دیاردەی چەکدایی لەناو شارەکەدا نادەن، دهشڵێت:"لەبودجەی ئەمساڵدا جێگا بۆ دامەزراندنی خەڵکی شنگال لەناو هێزە ئەمنییەکاندا کراوەتەوە".
لیوا تەحسین خەففاجی وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاند، لەناو بودجەی ئەمساڵدا جێگا بۆ دامەزراندنی خەڵکی شنگال لەناو هێزە ئەمنییەکاندا کراوەتەوە.
جەختیشیکردۆتەوە، سورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالو دەرکردنی هێزە چەکدارییەکان لەوشارە.
خەففاجی ئاماژەی بەوەشکردوە، "ناکرێت ڕێگە بەبوونی دیاردەی چەکداریی لەناو شنگال بدرێت جگە لەو هێزانەی ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە".
ئهوهشى وتوه، "هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی شنگالیان هەیە، لەچوارچێوەی بودجەی ئەمساڵیشدا دامەزراندن بۆ خەڵکی شنگال دەکرێتەوە تاوەکو لەناو هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکاندا دابمەزرێن، جگەلەوەی بەغدا فەرمانگەکانی ڕەگەزنامەو دادگاش لەشنگال دەکاتەوە".
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان مۆڵەت دەدەنه گرووپە چەکدارییەکان شنگال چۆڵبکەن، ئەگەرنا بەزەبری هێز دەریاندەکەن، بەڵام لەدوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە ئاشکراکرا کە ڕیککەوتن لەنێوان ئەو گروپانەو سوپای عێراق کراوەو بەپێی ئەوە هێزە چەکدارییەکانی نزیک لەپەکەکە لەشنگال دەمێننەوە.
ڕۆژی 9ى ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستانو بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ڕێککەوتن کەبەپێی ئەوە سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان ناوەندی شاری شنگال چۆڵدەکەنو ئەرکی ئاسایشی ناوچەکە بە پۆلیسی فیدراڵی دەسپێردرێت.
