تورکیا له‌باره‌ى مه‌خمورو شنگاله‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

کوردستان

05/04/2021‌ 1495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرى به‌رگرى توركیا له‌باره‌ى شنگال‌و مه‌خموره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاتەکەی چاوەڕێی ئەوە دەکات عێراقییەکان ئەوەی پێویستبێت بۆ دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەشنگال‌و مەخمور ئەنجامیبدەن، ده‌شڵێت:"متمانەمان بەعێراقییەکانە".


بەگوێرەی "ئەنادۆڵ"ی تورکی، خڵوسى ئاکار وه‌زیرى به‌رگرى توركیا لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای تورکیاو فەرماندەی ئەو یەکانەی لەدەرەوەی سنور کاردەکەن کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لەناوەندی پرۆسەکانی فیرقەی پیادە لەشرناخ لەباکوری کوردستان بەڕێوەچووە، ئەو لێدوانەیداوە.

ئاکار وتویه‌تى:"تاوەکو لەناوبردنی دوایین گەریلای پەکەکەو دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ وڵاتەکەیان لەپرۆسە سەربازییەکانیان بۆسەر ئەو هێزە بەردەوامدەبن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای تورکیا لەنزیکەوە چاودێری جموجۆڵەکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت لەشنگال‌و مەخمور.

وەزیری بەرگری تورکیا ئەوەشی وتوە، "متمانەمان بەعێراقییەکانە بۆ لەناوبردنی چەکدارانی پەکەکە لەشنگال‌و مەخمور، ئەوەی پێویستبێت ئەنجامیبدەن، ئێمه‌ش وه‌كو توركیا ئاماده‌ین هاوكاریی عێراقیه‌كان بكه‌ین".

ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و وحکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند بەمەبەستى ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، کەبەپێی ئەوە بەرپرسیارێتی ئەمنیی شارەکە بەپۆلیسی فیدراڵی دەسپێردرێت‌و سەرجەم گروپە چەکدارییەکان لەشارەکە دەچنە دەرەوە، بەڵام تائێستا ئەو ڕێککەوتنە جیێەجێنەکراوە.