لەرێگەى شارپرێسەوە بەڵێنی هاوکارى بە خێزانێکى هەژار دەدرێت

کوردستان

06/05/2021‌ 1314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارپرێس بەردەوامە لە گەیاندنی خەم و ئازارەکانی هەژاران و ئەمجارە بەرنامەی"میوانی تۆین"و لەگەڵ موسەنا ئەمین پەرلەمانتارى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى عێراق ماڵە هەژارێکی دیکە بەسەر دەکاتەوە، یەکێکی تر لە ماڵە هەژار و نەدارەکانی وڵات چیرۆکە ناخ هەژێنەکانی خۆی دەگێرێتەوە.


لەم بەرنامەیەدا خێزانێکى هەژارى کەمدەرامەت لەرێگەى شارپرێسەوە داواى هاوکارى و بە هاناوەچوون دەکات کە دایک و کچێک بەیەکەوە دەژین لە ماڵێکدا.

دایکەکە باس لەوە دەکات کە خەڵک نان و پێداویستى رۆژانەیان بۆ دابین کردون و دەشڵێت، ئەوەى خەڵک نەیان داتێ هیچیان نییە بۆ ئەوەى ژیانى پێ بەرێ بکەن، بەتایبەت دابینکردنى کرێ خانوو کە توانیان نییە دابینی بکەن.

موسەنا ئەمین دەڵێت، ئێمە بێ ئومێد بوین لە حکومەت و چیدی دەبێت سەرمایەداران جێی حکومەت بگرنەوە.

کچی ئەو دایکە کە پێشتر جیابووەتەوە لە هاوسەرەکەى ئێستا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە رێگەی پێ نادرێت منداڵەکەى ببینێت، ئەو پەرلەمانتارەش بەڵێن دەدات لەرووی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیەی بکات و دەشڵێت" ئەو کێشەیەی بۆ چارەسەر دەکەم"

هەروەها موسەنا ئەمین بەڵێنی دەدات کە هەر شتێک پێویست بێت و لە توانای دا بێت بۆ ئەو خێزانە هەژارە دابینى دەکات.

شارپرێس بەردەوامە لە گەیاندنی خەم و ئازارەکانی هەژاران و نەداران بە خیرخوازان و مرۆڤدۆستان و لە بەرنامەکانى رۆژانى رابردووی ئەم رەمەزانە پەرلەمانتاران و کاربەدەستان و سەرمایەداران بەڵێنى جیاجیایان بە ژمارەیەک لە خێزانى هەژار داوە هەر لە دابینکردنى خانوو کرێ خانوو و مانگانەى مەسرەفی مانگانەو چەند جۆر هاوکاری دیکە.