ئەگەر کەمخەویی پێش خەوتن ئه‌م خۆراکانە بخۆ

تەندروستی

15/07/2021‌ 514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەک زانراوە خواردنەوەی کافایین بەر لەخەوتن دەبێتە هۆی خەوزڕان، بۆیە پسۆڕانی تەندروستیی ڕێنماییانداوە بەوەی لەوکاتەدا لەخواردنەوەی چاو قاوە دوربکەوینەوە، بەڵام بەگوێرەی پێگەی "میدیک فۆروم"، دەکرێت لەڕێگای خواردنەوەی شەربەتی گێلاسەوە کوالێتی خەو باشتر بکرێت‌و خۆ لەخەوزڕان ڕزگاربکرێت.

بەگوێرەی پسپۆڕانی بواری خەو لەکۆمپانیای MattressNextDay، ئەگەربێت‌و پێش خەوتن شەربەتی گێلاس بخورێتەوە، ئەوە کەسەکە کاتژمێرو نیوێک زوتر خەوی لێدەکەوێت، ئاماژە بەوەشکراوە، چەندین لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە کە شەربەتی گێلاس بۆ باشکردنی کوالێتی خەو یارمەتی ڕێکخستنەوەی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە دەدات، جگەلەوەی ئەو شەربەتە یارمەتی بەرهەمهێنانی میلاتۆنین دەدات کە هۆڕمۆنێکی گرنگە بۆ پرۆسەی خەوتن.

ئەو لێکۆڵینەوانە ئەوەیان دەرخستووە، ئەوکەسانەی پێش چونە سەر جێگای خەو شەربەتی گێلاس دەخۆنەوە، ئەوە بەتێکرایی 84 خولەک لەکاتەکانی تر زووتر خەویان لێدەکەوێت.

هەروەک بەپێی قسەی دوکتۆر ئی کارانرا، ئەو وتە کۆنەیەی دەیوت خواردنی پەنیر بەرلەخەوتن دەبێتە هۆی دروستبونی مۆتەکە لەخەودا ڕاست نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە خواردنی پەنیر پێش خەوتن دەبێتە هۆی باشترکردنی پرۆسەی خەوتن.

باسی لەوەشکردوە، پەنیر ماددەی تربتۆڤانی تێدایە لەمێشک بۆ دروستکردنی مالاتۆنین بەکاریدەهێنێت، ئەویش یارمەتی خەوتن دەدات، جگەلەوەی پەنیر بڕێکی زۆر لەکالیسیۆمی تێدایە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ‌و سەقامگیرکردنی کۆئەندامی دەمار، هەردوکیشیان یارمەتی باشکردنی پرۆسەی خەوتن دەدەن.

و: ئاکۆ ئاڵی