داهاتوی دەوڵەتی تورکیا بەرەو کوێ؟

مەلەفی تایبەت

22/07/2021‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تورکیا بۆ زەمینەیەکی سیاسی نوێ دەگەڕێت، بەڵام بەبۆچوونی من جگە لە هەدەپە هیچ کەس و لایەنێکی دیکە لە وڵاتە نازانن چیان دەوێت، هۆکارەکەشی ئاسانە، چونکە بیرکردنەوەیان لەبارەی پاشەڕۆژی تورکیا تەنها لەسنورێکی جوغرافی تەنگی تورکیادایە، بەڵام لەمڕۆدا و لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیا مێژوویەکی نوێ دەنوسرێتەوە، وەلێ ئێمە خۆمان لەو ڕاستیە بەدور دەگرین، وا خۆمان نیشان دەدەن کە ئاگامان لە هیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە.

پێویستە سیاسەتی تورکیا سەرەتا خۆی لە (عوقدە)ی کورد ڕزگار بکات، لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تورکیاشەوە تێکۆشانێکی دیموکراسی هەیە، پێویستە ئەو تێکۆشانە بەهاوبەشی پێشبخرێت، قسەکە تەنها پرسی کورد نیە بەتەنها بەڵکو قسە لەسەر پرسی ئاین، بیر و ڕامانیش هەیە.

ماوەی ١٩ ساڵە حکومەتی ئاکەپە تورکیا بەڕێوەدەبات و هێشتا دەیەوێت بەڕێوەی ببات، ئاشکراشە کە ئەو حکومەتە هەڵگری زهنیەتێکی ئیخوانییە، بەبۆچوونی ئێوە ئاکەپە توانیویەتی ئەو زهنیەتە لەناو کۆمەڵگادا بەقبوڵکردن بدات؟ یان لە پڕۆژەکانیدا سەرکەوتوو بووە؟

من لەو باوەڕەدام لەسەردەمی ئاوابوونی کۆمارەوە تا ئەمڕۆ حکومەت وڵات بەڕێوەنابات، بەڵکو جەنەراڵە دامەزرێنەرەکان دوای ئەوە دەستیان بەسەر پلە و پۆستەکاندا گرت و لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتن، تورکیایان گۆڕی بۆ ئیدارەیەکی تەقلیدی ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین "دەوڵەتی قوڵ" و لەگەڵ دەوڵەت بوونە یەک، بەواتایەکی تر خۆیان بوونە دەوڵەت و حکومەتیش ئەوان بەڕێوەی دەبەن، لەبەر ئەوە تێکۆشانی منیش بەتەنها دژ بە حکومەت و ئەردۆغان نییە بەڵکو دژ بەو سیستەمەش تێدەکۆشم.

ئێستا دۆسیەیەکی ڕەشتر لەوەی سوسورلوک لە ڕۆژەڤی تورکیادا ئاشکرا بووە کە ئەویش پێکەوە کارکردنی حکومەتی ئاکەپە و مافیاکانە تیایدا بەملیاران دۆلار گەندەڵی لەو پەیوەندییەدا هەیە، ئێوە ئەو دۆسیەیە چۆن دەبینن؟

هەم دەوڵەت و هەم کەپیتاڵیزم هەرشتێک خۆیان بۆیان نەکراوە لەڕێی مافیاکانەوە کردویانە و لەدوایشدا کاتێک کەوتوونەتە کێشە و تەنگاویەوە پاکتاویان کردوون، ئەوانەی بەکاریان دێنن تا ئەو شوێنەی کە کاریان پێیان نامێنێت دەیاندەنە دادگا و سزایان دەدەن.
ئەوەی ئێستاش لەبەرچاوماندا دەگوزەرێت هەر ئەوەیە کە هەتا سیستەمی کەپیتاڵیستی و گڵۆباڵیزم لەسەر دەسەڵات بێت، ئەوا سێگۆشەی "دەوڵەت - مافیا - کارساز"یش بەردەوام دەبێت.

شەڕێکی گەورە لە تورکیا بەڕێوەدەچێت لەو شەڕەدا هەوڵی قڕکردنی کوردان دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش لەسەر هەدەپەش هەیە، ئێوە پێتانوایە ئەو شەڕە تا کەی بەردەوام دەبێت؟

لە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی 2015 دا دەوڵەت یان سوپا لەوە تێگەیشت کە ئیدی کۆتای و بەندی هەڵبژاردنەکان ناتوانێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم کورد و سۆسیالیستەکاندا.
شتێکی تراژیکۆمیکە کە ئەوان وەک مرۆڤ و کەس لەئێمە ناڕوانن، ئەگەر کەسێک لە ئێمە ببێتە وەزیر یان سەرۆک وەزیران وەک کارەسات بۆ خۆیانی دەیبینن، ئەوان لەمپەر لەبەردەم ئێمەیدا دادەنێن بەڵام هیچ لەمپەرێک لەبەردەم حزبە فاشیست و نەژارپەرستەکاندا نییە، کاتێک ئەم تابلۆیە دێتەوە خەیاڵم پێکەنینم بەو سیستەمە دێت.
****

ڕۆژنامەنوس، نوسەر و سیاسەتمەدار ئەحمەد نەسین کوڕی نوسەری بەناوبانگی تورکیا عەزیز نەسین.
ساڵی 1957 لە ئستەمبوڵ لەدایک بووە.
ماوەیەک لەگەل پارتی ئازادی و هاوپەیمانی و پاشان لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کاری کردووە.

لەسێی ئاداری ٢٠١٦ دوای داخستنی ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم ئەو وەک نوسەرێکی ئەو ڕۆژنامەیە دەدرێتە دادگا و مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت و چەند ڕۆژێک لە زیندان دەمێنێتەوە.

خاوەنی ١١ پەڕتوکی سیاسی و ئەدەبی و لێکۆڵینەوەیە.