ئەڵمانیا نازییەک لەتەمەنی 100 ساڵیدا دادگایی دەکات

جیهان

08/10/2021‌ 357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئەڵمانیا ئاشکرایان کردووە کە رۆژی پێنجشەممە دەستکراوە بە دادگاییکردنی پیاوێکی 100 ساڵەی ئەڵمانیی، کە لە دووەم جەنگی جیهانیی و سەردەمی فەرمانرەوایی نازییەکانی ئەڵمانیا پاسەوانی یەکێک لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتە بووە و تۆمەتبارە بەوەی لەکوشتنی زیندانییەکان تێوەگلاوە.

باس لەوەشکراوە کە تۆمەتبار (ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە) لەبەردەم دادگای ویلایەتی براندنبۆرگی ئەڵمانیا ئامادەکراوە و تۆمەتی کوشتنی زیندانیانی ناو سەربازگەکانی دراوەتەپاڵ، ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێک لە ئامادەبووانی دادگاییەکە پیاوێکی بەساڵاچووی تر بووە کە ئەویش تەمەنی 100 ساڵ بووە و یەکێک بووە لە دەربازبووانی ناو زیندانی سەربازگەی ساکنسهاوزن.

هەروەک ئاماژە بەوەکراوە کە لەگەڵ ئەوەی تۆمەتبار تەمەنێکی گەورەی هەیە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە سوور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت ئامادەی دادگا بێت، بەڵام رەنگە ناچار بێت ماوەی داداگاییکردنەکان کورت بکاتەوە.

گومان وایە تۆمەتبار لەنێوان ساڵانی 1942 بۆ  1945 وەک پاسەوان لە سەربازگەی ساکسنهاوزن کاری کردووە، کە بەپێی مەزەندەکان لەو سەربازگەیەدا نازییەکان لەنێوان 40 بۆ  100 هەزار کەسیان لەسێدارەداوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی