بۆچی نابێت کەسانی بەتەمەن ئەسپرین بخۆن؟

تەندروستی

14/10/2021‌ 750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی پسپۆڕانی تەندروستیی ئەمریکی دەڵێت، ئەوکەسانەی تەمەنیان لەسەر 60 ساڵییەوەیە نابێت لەپێناو ڕێگریکردن لەتووشبوون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و ڕێگرتن لەجەڵتەی دڵ رۆژانە ئەسپرین بخۆن، لەبەرئەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بەخوێنبەربوونی ناوەکیی لەڕادەی سوودەکانی خواردنی دەرمانەکە زیاترە.

تیمی کاری خزمەتگوارییەکانی پێشگریکردن لەنەخۆشییەکان کە لە 16 پسپۆڕ پێکدێت‌و لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکاوە دانراون ڕایانگەیاندووە، راسپاردەکانی ساڵی 2016ی تایبەت بەبەکارهێنانی ئەسپرینیان ئەپدەیت کردۆتەوە، لەبەرئەوەی بەڵگە نوێکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەربێت‌و لەگەڵ بەتەمەنداچووندا ئەسپرین بەشێوەیەکی بەردەوام بخورێت، ئەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بەخوێنبەربوونی ناوەکیی کە هەڕەشە لەژیانی کەسەکە دەکات.

تیمەکە هەروەک دەڵێن:"بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنیت کە خواردنی بڕێکی کەم لە دەرمانەکە مەترسییەکانی تووشبوون بەشێرپەنجەی کۆڵۆن‌و ڕیخۆڵە یان گیانلەدەستدان بەنەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە".

باس لەوەشکراوە، ئەگەربێت‌و ڕاسپاردە نوێکانی تیمەکە پەسەندبکرێن، ئەوە جێگای ئەو ڕاسپاردانە دەگرێتەوە کە لەساڵی 2016 دەریکردووەو تێیدا دەڵێت: رۆژانە  خواردنی بڕێکی کەم لەئەسپرین، ڕەنگە یارمەتیدەربێت لەڕێگریکردن لەتووشبوون بەنەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن‌و ریخۆڵە لای ئەوکەسانەی لەپێناو ڕێگریکردن لەتوشبوون بەجەڵتەو نۆرەدڵێ دەیخۆن.

دەشڵێن:"راسپاردەکە ئەوکەسانە ناگرێتەوە کە پێشتر تووشی جەڵتەی دڵ یان نۆرەدڵێ هاتوون‌و لەپێناو کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دوای تووشبوون بەنەخۆشییەکە، ڕۆژانە ئەسپرین دەخۆن".

لای خۆیەوە، جۆن ونگ ئەندامی تیمی لیژنە پسپۆرەکە لەبەیاننامەیەکدا وتویەتی:"زۆر گرنگە ئەوکەسانەی تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 59 ساڵیدایەو پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەهاتوون، بۆ خواردنی ئەسپرین ڕاوێژ بەپزیشکی پسپۆڕ بکەن، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان50 بۆ 59 ساڵیدایە، نابێت بەهیچ جۆرێک ئەسپرین بخۆن، تەنها ئەوانە نەبێت کە مەترسیی تووشبوون بەجەڵتەی دڵ لەسەریان لەماوەی 10 ساڵی داهاتوو لەسەدا 10 کەمتر نەبێت، یان لەسەر ئاستی مامناوەند مەترسیی تووشبوون بەخوێنبەربوونی ناوەکیان لەسەر نەبێت.

و: ئاکۆ ئاڵی