تورکیا دەیەوێت لەڕێگای گرێبەستێکی گەورەی چەکەوە خۆی لە ئیدارەی بایدن نزیک بکاتەوە

جیهان

15/10/2021‌ 1603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلوومبێرگ"ی ئەمەریکی، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەیەوێت بەمەبەستی خۆنزیککردنەوە لە ئیدارەی جۆبایدن گریبەستێکی سەربازیی بەبەهای 6 ملیار دۆلار لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا واژۆ بکات، کە خۆی لە کڕینی دەیان فڕۆکەی جەنگی جۆری F16 دەبینێتەوە.

ئاژانسە ئەمەریکییەکە باسی لەوەکردووە کە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەیەوێت لەمیانی دیداری چاوەڕوانکراوی لەگەڵ بایدن کە وابڕیارە لە لوتکەی G20  لە رۆما بەڕێوەبچێت، داوا بکات سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر گرێبەستێک بۆ کڕینی چەکی ئەمەریکی بۆ تورکیا پیشان بدات، لەپێشەوەیاندا فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بەبەهای شەش ملیار دۆلار.

لەبەشێکی راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە" ئەنکەرە لە سێپتەمبەری رابردووەوە بەمەبەستی نوێکردنەوەی هێزە ئاسمانییەکەی داواکاری کڕینی 40 فرۆکەی جۆری F-16 بلۆک 70 ی خستۆتە بەردەم حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەوە جگە لە چەندین جۆر چەک و تەمەنیی تر.

ئاماژە بەوەشکراوە کە چەندین بەرپرسی ئەمەریکی جەختیان کردۆتەوە کە زۆر زەحمەتە کۆنگرێسی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر تەواوکردنی گڕێبەستەکە بدات، ئەویش بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400 ی رووسیی لەلایەن تورکیا کە بەتەواوەتیی واشنتۆنی لە ئەنکەرە تووڕەکردووە.

ئەو بەرپرسانە بە بلوومبێرگیان وتووە کە هێشتا نازانرێت کە ئایا بایدن بە گرێبەستەکە رازیی دەبێت یان نا، بەڵام جەختیان کردۆتەوە کە ئامانجی تورکیا جگە لە نزیکبوونەوە لە واشنتۆن ، دەیانەوێت دەستبەری ئەوە بکەن لە فڕۆکەکانیان لەگەڵ سیستەمی جەنگیی ناتۆدا یەکبگرێتەوە.

دەبێت ئەوەش بوترێت کە پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400 ی رووسیی تورکیای لە بەرنامەی درووستکردنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوورخستەوە و سزای بەسەر دامەزراوەی سەربازیی ئەو وڵاتەشدا سەپاند.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی