16ی ئۆکتۆبەر چۆن ڕویدا؟

ڕاپۆرت

16/10/2021‌ 5286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ چوار ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ڕوداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرداو تائێستا لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو ڕوداوانە نەکراوە کە بۆچى ڕویداو کێ لێی بەرپرسەو بۆ ڕویدا، پارتى ئەم ڕوداوە وەک خیانەت پێناسە دەکات‌و یەکێتیش داواى لیژنەى لێکۆڵینەوە دەکات بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان، بەڵام  ڕاستییەکە هەرچی بێت ئەوەى کە لەئەرزی واقیعدا ڕویدا بریتیبوو لەکشانەوەى پێشمەرگەو لەدەستدانى 51%ی خاکى کوردستان کە لەدواى پڕۆسەى ئازادى عێراقەوە کەوتبوە دەستی کورد.


16ی ئۆکتۆبەر چۆن ڕویدا؟
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هێزە ئەمنییەکانى عێراق‌و حەشدی شەعبی بەهاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکەو هێرشیانکردەسەر سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم‌و لەماوەی کەمتر لە48 کاتژمێردا تەواوی ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوەو هێزى پێشمەرگەش لەو ناوچانە کشانەوە.

دوای هێرشی ڕێکخراوى داعش بۆ سنورەکانی باشوری کوردستان لەساڵی 2014، هێزە عێراقییەکان لەناوچەکانی سنوری مادەی 140 پاشەکشەیان کردو بەشێکى زۆری ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵات‌و کۆنترۆڵی ڕێکخراوەکە، بەڵام دواتر هێزەکانی پێشمەرگەو پەکەکە بەهاوکارى هاوپەیمانان  بەشی هەرە زۆرى ئەو ناوچانەیان لەداعش پاککردنەوەو کەوتە ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە.

لەوکاتەدا حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى لەشەڕێکى بەرفراوان‌و قورسدابون لەگەڵ چەکدارانى داعش لەسنوری چەند پارێزگایەک ئەوەش وایکرد کە چاوپۆشى بکات لەکۆنترۆڵکردنى ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، چونکە پێویستی زۆرى بەهێزی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە هەڵوێستی بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ماددەی 140 نەبوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی کات‌و تاڕادەیەک ئارامبونەوەی دۆخەکەو کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانیان حکومەتى عێراق بەدواى هەلێکدا دەگەڕا بۆ گەڕاندنەوەى سوپاو حەشدى شەعبی بۆ ئەو ناوچانەو کۆنترۆڵکردنی سنورى مادەى 140.

هەر لەو سەروبەندەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان لەوتارێکدا گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانى سنورى مادەى 140ی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەوەش حکومەتى عێراق‌و لایەنە سیاسییەکانى عێراقی نیگەرانکرد، بەڵام ئەنجامدانى ڕیفراندۆم ئەو هەلە بوو کە حکومەتى عێراق بەدوایدا دەگەڕاو توانى ڕیفراندۆم بقۆزێتەوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەدا، بەوەش لە 51%ی خاکى کوردستان کەوتەوە دەست حکومەتى عێراق‌و چارەنوسێکى نادیارەوە.

لەسەرەتای ساڵی 2017وه‌، مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەوکاتەى هەرێم پرسی ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى لەکوردستانى عێراق ڕاگەیاندو بۆ ئەوەش کۆمیتەیەکى لەبەشێک لەلایەنە سیاسیەکانی هەرێم جگە لەبزوتنەوەى گۆڕان‌و کۆمەڵى ئیسلامى پێکهێناو دواى چەند کۆبونەوەیەک کات‌و چۆنێتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمیان دیاریکرد، لەوکاتەشدا حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی قەزاى حەویجە بوو لەچەکدارانى بەوهۆیەشەوە بەغدا ئەو دەنگۆیانەی بەجدیی وەرنەگرت‌و وەکو فشارێکى بارزانى بۆ سەر دەسەڵاتى فیدراڵی عێراق خوێندنەوەیان بۆ دەکرد.

بارزانى بەلێدوانى دژ بەیەک باسى لەداهاتوى ڕیفراندۆمەکە دەکرد، جارێک دەیوت بۆ دروستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردەو جارێکیش دەیوت ئەم ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە بزانین خەڵکى کوردستان چی دەوێت، بەڵام ئەو ڕیفراندۆمە هیچ پشتیوانییەکى ناوخۆیی‌و دەرەکیی نەبوو زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەو جیهانیش ئاگاداری بارزانیان کرد کە ئەوکارە نەکات، چونکە زیان بەکوردو هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت، تەنانەت هەریەکە لەتورکیاو ئێران هەڕەشەیان لەهەرێمی کوردستان کرد کە ڕیفراندۆم نەکرێت، بەڵام بارزانى سوربوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

دواتریش حکومەتی عێراق چەندینجار هەڵوێستی توندی دەردەبڕی لەدژی ڕیفراندۆم‌و هەڕەشەی کاردانەوەی سەربازیی دەکرد، حکومەتی ئێرانیش بەهەڕەشەی داخستنی سنورەکان، هەڕەشەی لەهەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان‌و ڕابەرانى ئەو ڕیفراندۆمە بەزمانی زبر وەڵامی هەڕەشەو هەڵوێستی وڵاتانیان دەدایەوە، بەجۆرێک بەرامبەر هەڕەشەکانی عێراق بێ منەتیی خۆیان نیشاندەداو هەڕەشەی وڵامدانەوەی سەربازییان لێدەکردن.

ڕیفراندۆم ئێران‌و تورکیاو عێراقی یەکخست
هەر لەسەروبەندی بەڕێوەچونی بانگەشەى ڕیفراندۆم لەپشتى پەردەوە تورکیاو ئێران‌و عێراق ڕێککەوتن لەسەر وەستانەوە لەدژى ئەو هەوڵانەى هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپای عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەکە لەسوپای پاسدارانی ئێران‌و سوپای تورک، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا، ئەوەش وەک پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

لەناوخۆو دەرەوەى هەرێمى کوردستان زۆرێک لەسەرکردەو ڕۆشنبیرو کەسایەتى‌و ڕێکخراوەکان‌و لایەنى جیاجیا داوایان لەڕابەرانى ڕیفراندۆم‌و خودى بارزانى کرد کە ئەو یەکگرتنەوەى تورکیاو ئێران‌و عێراق بەهەند وەربگرێت‌و پاشگەزببنەوە لەئەنجامدانى ڕیفراندۆم، بەڵام بارزانى‌و کۆمیتەى هاوکاریى، سوربوو لەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆم‌و ئەوکەسانەشى بەدوژمنى کورد لەقەڵەمدا.

لەگەڵ هەموو هەڕەشەکاندا، لە25ى ئەیلول ڕیفراندۆم ئەنجامدراو دواتر هەڕەشەکان قۆناغ بەقۆناغ لەسەر هەرێم جێبەجێکران‌و ئەوەبوو لەڕۆژی 29ى ئەیلول‌و تەنها چوار ڕۆژ دواى ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەبڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئه‌وكاتى عێراق، گەشتە ئاسمانییەکان بەڕوی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخرا، هەریەکە لەوڵاتانی تورکیاو ئێرانیش، بەداخستنی دەروازە سنورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەمارۆی ئابورییان خستەسەر هەرێمی کوردستان.

لەڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تاوەکو ڕۆژی 16ى ئۆکتۆبەر، هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەردەوامبوو، تا دەهات توندتریش دەبونەوە، لەسنورەکانی نێوان عێراق‌و باشوری کوردستانەوە جموجوڵی سەربازیی دەستیپێکردبوو، عێراق هێزێکی زۆری بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە کۆکردبووەوەو ناسەقامگیریی سەربازیی دروستببوو.

ئەم مەترسییانەی کە دەورى هەرێمیانداو سێبەرى جەنگ باڵی کێشا بەسەر هەرێمدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان‌و بەتایبەت مەسعود بارزانى‌و نێچیرڤان بارزانى داواى دانوستانیان لەحکومەتی عێراق کرد، پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرپرسانی هەرێم بەمەرجی وەرگرتنی گەرەنتی لەبەرپرسانی عێراق، ئامادەبون بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هاوکێشەکە پێچەوانە بوەوە بەرپرسانی هەرێم ئامادەبوون بەبێ مەرج لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دانیشن، بەڵام بەرپرسانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمیان کردبوە پێشمەرجی خۆیان، بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دواتر نێچیرڤان بارزانى سڕکردنى ڕیفراندۆمى ڕاگەیاند.

16ی ئۆکتۆبەر چی ڕویدا؟
بەرەبەیانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی لەشاری کەرکوک‌و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق‌و حەویجە هێرشیانکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە، کەوا بەخوێنی هەزاران شەهید لەچەتەکانی داعشیان پاراستبوو، تاکە هێزیش کە لەکەرکوک مایەوەو شەری دژی هێزە عێراقییەکان کرد، گەریلاکانی پەکەکە بون کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەوشارە بوو، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئەوەی گەریلاکان لەڕوی چەک‌و تەقەمەنییەوە توانایەکی کەمیان هەبوو، هێزە عێراقییەکان تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.

هێزەکانی پێشمەرگەش لەباکوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوکەوە گەڕانەوە بۆ شارەدێی قەرەهەنجیرو سەنگەریان لێدا، لەباکوری کەرکوکیشەوە گەڕابونەوە بۆ شارەدێی تەقتەق، هەروەها لەشارۆچکەی خورماتوشەوە پاشەکشەیان کردبوو بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەکەو لەسنوری شارەدێی زنانە جێگیرببون.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە، نزیکەی 300 هەزار هاوڵاتی لەشاری کەرکوک‌و شارۆچکەکانی داقوق‌و خورماتوو دەوروبەریان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بون.

ڕۆژی دواتریش هێزە عێراقییەکان بەردەوامبون لەئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی 17ى ئۆکتۆبەر شارۆچکەکانی شنگال‌و خانەقین‌و شارەدێی گوڵاڵەیان کۆنترۆڵکرد، لەگەڵ ئەوەشدا شارۆچکەی دوبز-یان لەکەرکوک کۆنترۆڵکردو لەقۆڵی پردێ-وە بەئاراستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، هەر هەمان ڕۆژ هێزە عێراقییەکان چونە ناو شارۆچکەی مەخمورەوەو پێشمەرگەش شارۆچکەکەی چۆڵکرد، هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیەش ئاوارەی که‌مپی شەهید ڕۆستەم جودی بون، کە که‌مپێکی پەنابەرانی باکوری کوردستانەوەو دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ، هەروەها شارەدێی بەعشیقەش لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنترۆڵکرا.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر بوە دوایین وێستگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی هێزە عێراقییەکان، کاتێک شارەدێی پردێ-یان کۆنترۆڵکردو بەئاڕاستەی سەنتەری شاری هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، دوای ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پارتی، سوپای عێراق لەنزیک بازگەی شێراوای هەولێر، کۆتاییان بەئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا.

لەشەڕو پێکدادانەکانی ئەو دوو ڕۆژەدا، لەناوچەکانی باشوری کەرکوک‌و شارۆچکەی خورماتوو هه‌روه‌ها شارەدێی پردێ، 90 پێشمەرگە شەهیدبون‌و ژمارەیەکى زۆریش برینداربون.

کاردنەوەى ئێران‌و تورکیا
ئەو هێرشەی سوپای عێراق ئەگەرچی بەبەرگی سەربازیی عێراقییەوە ئەنجامدرابوو، بەڵام وڵاتانی ئێران‌و تورکیاش بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بەشدارییان تێداکردبوو، تەنانەت ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەر سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی ئه‌وكاتى یەکێتی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هاکان فیدان ڕاوێژکاری دەزگای هەوڵگریی میت-ی تورکیا، نوێنەری تورکیا بوە لەئۆپەراسیۆنی 16ی ئۆکتۆبەر، هەروەها قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئه‌وكاتى فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بوە لەو هێرشە.

ئەم ڕوداوانە بونە هۆکاری لەدەستدانی 51٪ی خاکی باشوری کوردستان، هەروەها بوە هۆی لەدەستدانی تەواوی بیرە نەوتەکانی سنوری ناوچە دابڕێندراوەکان‌و خاڵە سنورییەکان، کە ئەمەش لەڕوی ئابورییەوە زیانێکی گەورەی بەهەرێمی کوردستان گەیاند، لەڕوی سیاسییشەوە، سەنگ‌و پێگەی هەرێمی کوردستانی لەعێراق‌و ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

لەسەر ئەو ڕوداوانە، پارتی یەکێتیی بەفرۆشتنی کەرکوک‌و خانەقین‌و یەکێتیش پارتی بەفرۆشتنی مەخمورو شنگال یەکتریان بەخیانەتکار تۆمەتبار دەکرد، بەڵام پێش 16ی ئۆکتۆبەر ئەو دوو لایەنە تۆمەتی “خیانەت”یان دەخستە پاڵ ئەو کەسولایەنانەی کەوا لەگەڵ ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا نەبون.

لەدوای ئەو ڕوداوانەش، بەشێک لەچاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، کە ئەو ڕوداوانە دەرەنجامی یەکنەبونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و بڕیاری تاکلایەنەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لەکاتێکدا وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دژی کوردان هەموو ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان خستبوە لاوەو لەسەریەک مێز پیلانیان دژی کوردان دادەڕشت.

سەرەڕای ئەم ڕوداوانەش، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ڕازیبون بەسڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، بەڵام هێشتا ناجێگیریی ئەمنیی لەناوچە دابڕێندراوەکان‌و بەتایبەت کەرکوک، خانەقین‌و خورماتوو بەردەوامە، ڕۆژانە تەقینەوەو ڕفاندن‌و کوشتن ڕوبەڕوی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

لەدواى ڕیفراندۆم‌و ڕودوەکانى 16ی ئۆکۆتبەرەوە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنى زۆر بۆ ئەو ڕوداوانە کران‌و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان‌و چاودێرانى سیاسى‌و ڕۆشنبیرانیش دەڵێن، ڕیفراندۆم‌و ناکۆکى حزبی لەنێوان پارتى‌و یەکێتى دوو هۆکارى سەرەکین کە بونە هۆکاری ڕودانى 16ى ئۆکتۆبەرو لەدەستدانى لە51% خاکى کوردستان.

لەئێستاشدا پارتى‌و یەکێتى بەردەوام لەسەر ڕیفراندۆم‌و ڕوداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر هێرشدەکەنەسەر یەکترو یەکتر بەخیانەتکار لەقەڵەمدەدەن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەهەموو هەنگاوەکانى ڕیفراندۆمدا پارتى‌و یەکێتى هاوبەشى یەکتربون.