دوو سەد ملیارەكەی بەغداو كراسەكەی عوسمان

مەلەفی تایبەت

12/11/2021‌ 1781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ساڵح ژاژڵەیی
كاتێك عوسمانی كوڕی عەفان شەهید كرا ئەمەویەكان  ڕوداوی  شەهید كردنی عوسمانیان  بۆ خۆیا قۆستەوەو ویستییان لەو ڕێگایەوە خەلافەت بەدەست بهێنن چونكە عوسمانی كوڕی عەفان لە ئەمەویەكان بوو . بۆیە هەر كاتێك  دەیانوبست شەڕێك بكەن  ، كراسە خوێناویەكەی عوسمانیان بەرز دەكردەوەو دەیانگوت ئێمە غەدرمان لێكراوە . 

ئەوەندە كراسەكەی عوسمان بەرزدەكرایەوە  بۆ پاساو هێنانەوەی شەڕ ، تا ئێساش ئەمە بۆتە قسەو باسی ناو جەماوەر . كاتێك زۆر لە شتێك دەگوترێتەوە وباس دەكرێت برینی ڕأبوردوی پێ دەكولێنرێتەوە ، دەڵێن ها ها ئەمەشتان كرد بە كراسەكەی عوسمان . مەسەلەێەكی تریش هەیە  هەر لە بابەتی كراسەكەی عوسمانە  كە  زۆر جار دەگوترێت ئەمەشتان كرد بە خوێنی سیاوەش كە لە كوردەواریدا بۆتە سیاوەحش . ئەمەش چیرۆكێكە لە بابەتی  شەهید كردنەكەی  عوسمان . 

لە سەردەمی نێچیر بارزانیدا بۆ ئەوەی موچەی خەڵك كەم بكەنەوە  پاساوێكی باشیان داهێنا و موچەی خەڵكیان كەم كردەوە بە ناوی پاشەكەوتەوە . واتە ئێمە موچەكانتات نابڕین و كەمی ناكەینەوە و بۆتان پاشەكەوت دەكەین  بەڵام بە دوو مانگ جارێك و دەدرا .  تا ئێستاش كەس ئەو موچە پاشەكەوتانەی وەر نەگرتۆتەوەو كەوتە  قورگی شێرەوە . 

لەم بارەیەوە یادگاریەكی خۆشم هەیە لەسەر پاشە كەوت . دیارە پاشەكەوت  لای پارتی مێژویەكی كۆنی هەیە و لە كاتی ئاشبەتاڵیش  پارەی پاشەكەوتمان زۆر بوو ئەوەش هەر بنەماڵەی بارزانی دەزانن چیلێكراوە . ساڵی 1988 دوای ئەنفالەكان چوینە ناو ئێران . ژمارەیەكی زۆر ماڵە پێشمەرگە لە شاری سەقز بون . من ئەو كات بەرپرسی  ئیدارەی مەكتەبی سیاسی بوم لە قاسمە ڕەش  .

ڕۆژێك لە سەقز پێشمەرگەیەك هاتە لام و پێی وتم چەند پێشمەرگەیەكی یەكێتی لەو چایخانەیە  كردویانە بە دەنگە دەنگ و جنێو دەدەن  حەیامان چوە.  منیش چوم بۆلایان و لێم پرسین كێشەتان چییە . وتیان مانگی 2500 تمەنمان هەیە و مال َو مناڵمان هەیەو بەشمان ناكات . پێم وتن  یەكێتی هیچ پارەی نەماوە  بڕیار وایە مانگی داهاتو 2000 تمەنتان پێ بدەن . هەر بەڕاستیش پارە نەبوو . سەیرم كرد پێشمەرگەیەك  لەو پەڕەوە دوورە پەرێز دانیشتبوو گوێی گرتبوو . وتم برا بۆچی تۆش نایەیتە پێشەوەو قسەیەك  بكەی . وتیان لێی گەڕی ئەو پێشمەرگەی پارتییە .

 لێم پرسی ئەی ئێوە موچەتان هەیە. وتی بەڵی هەمانە. وتم هەموو مانگێك وەری دەگرن . وتی نەخەیربارزانی بۆمان كۆدەكاتەوەو بۆمان پاشەكەوت دەكات .  كەواتە پارتی هەمیشە كار قایم بوەو  ئەوان مێژویەكی كۆنیان هەیە لە پاشەكەوتكردندا . 
 كاتێك  مەسرور بارزانی  براگەورە بوو بە سەرۆكی حكومەت  دریژەی بەو پاشەكەوتەی موچەی فەرمانبەران دا لە ژێر ناوی لێبڕینی موچەدا . واتە ڕێك وەكو ئەوە وایە كە دەڵێن : شەل نییە پای شكاوە . 
پاساوی ئەم دوو سەرۆك وەزیرانە كەئامۆزای یەكترن  بۆ پاشەكەت كردن و لێبڕینی موچە ئەوەیە  كە حكومەتی هەرێم زیاتر لە27 ملیار دۆلار قەرزدارەو نرخی نەوت زۆر دابەزیوە . لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵی زۆر گرنگ بدەم :

1-تا ئێستا جگە لە سەرانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی   نە پەڕلەمان و نەحكومەت و كەس نازانێت  ئەم قەرزانە  بۆچی كراون ، لە كوێ‌ كراون  ، كەی كراون و كێ‌ كردونی .  ئەوە نە بۆ خەڵك ڕون دەكەنەوەو نە ڕێگاش دەدن  پەڕلەمان بە دوادا چون بكات . زۆر بەی بۆچونەكان لەسەر ئەوە هاوڕان  ئەگەر لە هەندەرانیش پارە قەرز كرابێت   نەگەڕێنراوەتەوە بۆ كوردستان و خراوەتە سەر حسابی سەرانی هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی . بۆچونی تریش  هەیە كە دەڵێن: لە بنەڕەتدا ئەو پارانە هەر پارەی خەڵك  بوەو كردویانە بە پارەی خۆیان و ئێستا كردویانەتە قەرز بەسەر میللەتەوە . لەبەر ئەوەی  هیچ حساباتێكی ئەم هەرێمە ئاشكرا نییە بۆیە هەموو گومانەكان ڕاستن .  

دووەم: گرێبەستە نەوتییەكان  بە شێوازێكی  زۆر سەقەت كراون . زوربەی داهاتەكان بۆ كۆمپانیكانی نەوتەو ئاسانكاری زۆریان بۆ كراوە لە بەرامبەر بەوەی ژێر بە ژێر سەرانی هەردوو بنەماڵەش  بونە شەریكی كۆمپانیاكان  لەسەر حسابی میللەت .
 تا چەندین ساڵ هەموو وەزارەتی نەوت لە جانتاكەی ئاشتی   هەورامیدا بوو  تا ئێستاش كەس نازانێـت ئەو گرێبەستانە چۆن كراون و ڕێگاش نادرێت كەس بە دوادا چون بكات . 

دەمەوێت ئەوەشتان وەبیر بهێنمەوە كە كۆمپانیای دانا غاز بڕی یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێم وەرگرت وەكو سزا لە بری ئەوەی ئاشتی هەورامی ڕێگای نەدا دانا غاز كاری كۆمپانیاكەی لە دەڤەری گەرمیان فراوا بكات و  بەرهەمی غاز زیاد بكات  بە هۆكاری ئەوەی ئەم كۆمپانیایە دەكەوێتەسنووری یەكێتی و بۆ ئەوەی داهاتی ئەم سنوورە زیاد نەكات . كەواتە دەبێ ئێمە چ ئومێدێكمان بەم دەسەڵاتە هەبێت ؟. 

 دوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستانیان  ڕو بەڕوی قەیڕانێكی دارایی زۆر سەخت كردەوە ، بە ناچاری ڕویان كردەوە بەغداو ماوەی چەندین مانگ قوباد تاڵەبەانی  بە سەرۆكایەتی  وەڤدێك چەندین جەولەی مەكۆكی بۆ بەغدا كرد . 
قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێك كەوتون  كە بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و لە بەرامبەردا هەرێم  رۆِژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی بەغدا بكات  لەگەڵ نیوەی داهاتی گومرگ و ناوخۆی هەرێمی كوردستان . لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هەرێم نە نەوت و نەداهاتی گومرگی ڕادەستی بەغدا نەكردوە ، بەغدا ڕازی بوو تا كۆتایی ساڵی 2021 مانگانە بڕی 200 ملیار دۆلار بۆ هەرێم بنێِرێـت. 

بەڵام بەغدا كەی بیەوێت  بۆی هەیە ئەو بڕە پارەیە ببڕێت .  بۆیە حكومەتی  هەرێم هەموو مانگێك كە كاتی پێدانی موچە دێت  سەرەتا باسی 200 ملیارد دینارەكەی بەغدا  دەكات و موچە خۆران  وەكو گیسكەكەی هەیاسی خاس لێ دەكەن و توشی نا ئومێدی و دڵە ڕاوكێیان دەكەن  . دەڵێن كە پارەكەی بەغدا گەیشت موچە دابەش دەكەین . تا ئێستا پارەكە نەگەیشتوە ، هەفتەی داهاتو دەگات ، موژدەتان لێبێت گەیشت . ئێ جاری ئەوەی هەیە دابەشی بكەن  و كەی ئەوەی بەغداش هات  دابەشی بكەن . دەزانن بۆچی ئەمەشیان كردە كراسەكەی عوسمان بۆ ئەوەی  كە پارەكەی بەغدا وەستێنرا، ئەمانیش لێرە دەست بكەنەوە بە لێبڕینی موچە . واتە ئەمان كارامەن بۆ خۆیان و بەهانەی لێبڕینی موچەیان هەمیشە ئامادەیە .

سەیركەن چۆن ئەمانە خەڵكی هەرێمیان لە ڕوی دەرونییەوە  ناڕەحەت كردوەو دوارۆِژیان بەستونەتەوە بەو 200 ملیارەی بەغداوە . 
لە كاتێكدا  ئەمانە پێدانی موچەیان بەستۆتەوە بەو 200 ملیارەكەی بەغداوە ، كاتی خۆی كەپاشەكەوتی موچە دەستی پێكردوە بەرمیلی نەوت لە دەوری 40 دلاردابوو ، دواجار گەیشتە 25دۆلار . بەڵام ئێستا  نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبۆتەوە بۆ 85 دۆلار .

 لە لایەكی تریشەوە حكومەت بەناوی چاكسازیەوە  موچەی پلەباڵاكان و تایبەتەكانی  كردۆتە نیوەو ئەوانەشی لە موچەیەك زیاتریان هەیە  بڕیویەتی. باجی هەموو شتێكی زیاد كردوە كە هاوڵاتیان ئەو زیادەیە دەدەن  جگە لە كۆمپانیاكانی هەردوو بنەماڵە كە هیچ جۆرە باجیك نادەن .  كەواتە  قسەكەی ئاشتی هەورامی زۆر ڕاستە كە باسی پاشەكەوتی موچە دەكرا دەیگوت ئەگەر بەرمیلی نەوت  ببێتە 100 دۆلاریش  هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت  و پاشەكەوت بەردەوام دەبێت   كەواتە  ئەگەر بەرمیلی نەوت ببێتە 120 دۆلاریش هەتا 200 ملیارەكەی بەغدا نەیەت  هەر لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت  .
ئەوەی دەمەوێت لە كۆتایی ئەم نوسینەدا باسی بكەم ئەوەیە كە لە 29 ساڵی حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستادا بەردەوام كەسانی ڕۆشنبیر و دڵسۆز و نوسەرو ڕۆژنامە نوس  كەم كورتیەكانی حوكمڕانییان باس كردوەو داویان كردوە  كە چاكسازی بكرێت و  هەرێم بەرەو پێشەوە بەرن ، بەڵام نەك باشتر كراوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خرابتربوە .

ئێمە هەمومان كاتێك بابەتێك دەنوسین و ڕومان لە دەسەڵاتدارنە بۆ ئەوەیە گوێمان لێ بگیرێت و  بە قسەمان بكرێت و دەسەڵاتداران  هەست بە هەڵەكانی خۆیان بكەن و خۆیان چاك  بكەن ، چونكە ئەوان خۆیان خاوەن دەسەڵاتن و گۆڕانكاری هەر بە خۆیان دەكرێت .  بەڵام لە ماوەی هەموو حوكمڕانی خۆیانیاندا  نە چاویان هەبوو نوسینەكانی دڵسۆزانی ئەم گەلە بخوێننەوە و خەڵك ببین ، نەگوێشیان هەبوو كە ئاگاداری ڕەخنەو پێشنیارەكانی خەڵكبن . 

لەڕاستیدا ئەمانە شایستەی حوكمڕانی نین و رۆِژگار ئەوانی سەپاندوەو دواڕۆژی  ئەم هەرێمەو ئەم میللەتەیان  خستۆتە بەردەم مەترسی گەورەوەو ئەمانە تەنها بیریان لەوەیە كە داهاتی ئەم وڵاتە بۆخۆیان تاڵان بكەن و ئامادەش نین دەستبەرداری دەسەڵات ببن . پرسیاری گرنگ لێەدا ئەوەیە : ئایا تەنها دەسەڵات تاوانبارە بەرامبەر بەهەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوە ؟. 
لە وەڵامدا دەڵێم : نەخەیر ئێمەی هاوڵاتیش تاوانبارین چونكە بە هەموو بڕیارەكانی حكومەت ڕازین و گوێڕایەلی فەرمانەكانی ئەوانین . سامانی ئەم وڵاتەیان تاڵان فرۆش كرد دەنگمان نەكرد .

موچەیان بۆ پاشەكەوت كردین ، دەنگمان نەكرد . موچەیان بڕین دەنگمان نەكرد . نیوەی خەلكی كوردستانیان ڕادەستی  بەغدا كردەوە  بەناوی ڕیفراندۆمەوە ، دەنگمان نەكرد . هەرچی باسی ئازادی بكات  حوكمی دەدەن  قسەناكەین  ،ئەوەتا كۆڕەوی گەنجانمان دەستی پێكردوەو سەیركەن لە بیلاڕوسیا توشی چ كارەساتێك بون فزەمان لێوە نایەت و دەبوو ئێستا هەموو میللەت بڕژانایە سەر شەقام . هەموو كاردانەوەكانمان بەرامبەر بەوهەموو تاوانانەی  دەسەڵات ئەوەیە : 

بەخوا ئەم جارە  نەچوم بۆ دەنگدان  تۆڵەی خۆم لێكردنەوە . بەڵام تۆ بچیت یان نەچێت بۆ دەنگدان  ئەو سوارەو تۆش پیادەو بار بەر . ئەگەر سەیریش بكەن ڕۆژانە بە سەدان نوسین لەسەر ئەم بارودۆخە لەسەر شاشەی سایتە ئەلكترۆنیەكان بڵاو دەكرێتەوەو  ڕەخنە لە حكومەت دەگیرێت و  ڕێنمایی بە حكومەت دەدرێت . بەڵام ئەوە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانی ئەم دەستەمافیایە بەڵام ئەوان نە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی چاویان هەیە هەڵەكانی خۆیان ببینن نە گوێشیان هەیە داواكاریەكانی خەڵك ببیستن . كەواتە  نوسین وەكو ئەوە وایە ئاسنی سارد بكوتی . 

بە بۆچونی خۆم سەرەتای قۆناغێكی نوێی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان و عێراق  لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەڕلەمانی عێراق  خەمڵیوەو  كۆمەڵگا  لە ژانێكی گەورەدایە . كاتی ئەوەیە هەمومان خۆمانی بۆ ئامادەبكەین و بە كردار بەشداری بكەین سنووری قسەو نوسین و گلەیی تێپەڕێنین و نەفەس درێژ و كۆڵ نەدەربین و  بێ ئومێد نەبین  چونكە هەموو وڵاتانی پێشكەوتوی جیهانیش بەم قۆناغی ئێستای ئێمەدا گوزەریان كردوە لە نوسینی داهاتومدا باسی ئەوە دەكەم  چی پێویستە و چی باشە لەم قۆناغەدا  ئەنجامی بدەین و كاری بۆ بكەین .