شارپرێس:
زاناکانی سەر بەکۆمەڵەی دڵی ئەمریکی لەلێکۆڵینەوەیەکدا ئەو بڕە خوێیەیان دیاریکردوە کە مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێن زیاد دەکات.
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە لەگۆڤاری پزیشکیی " New England Journal of Medicin"دا بڵاوکراوەتەوەو باس لەوەکراوە، زاناکان هەڵسەنگاندنیان بۆ تاقیکردنەوەی میزی 10 هەزار بەشداربوی ژنو پیاوی لێکۆڵینەوەکە کردوە.
ئەنجامی شیکردنەوەی داتاکان ئەوەی دەرخستوە، 571 حاڵەتی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێن پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبوە بەبەرزبونەوەی سۆدیۆمو کەمبونەوەی بەکاربردنی پۆتاسیۆم.
یوان ما توێژەر لەکۆلێژی "هارڤارد" بۆ تەندروستیی گشتیی وتویەتی:"زیادکردنی خوێ لەناو سیستەمی خۆراکیدا مەترسییەکانی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ بەڕێژەی لەسەدا 18 زیاد دەکات".
باس لەوەشکراوە، پسپۆڕان پلانیان هەیە پێوانەکاریی دوبارەو وردتر ئەنجامبدەن بۆئەوەی بڕی ئەو سۆدیۆمە دیاریبکەن کە ئەگەر ڕۆژانە بەکاربهێنرێت لەسەر تەندروستیی سەلامەت دەبێت.
و: ئاکۆ ئاڵی