پارتی بۆچی نایەوێت دکتۆر بەرھەم ببێتەوە سەرۆککۆمار؟

عیراق

16/12/2021‌ 3507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژ بەڕۆژ لە وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق نزیک دەبینەوەو سات بە ساتیش گۆرانکاریەکان خێراتر دەبن.

هێزەکانی سونەو شیعە هەر یەکەو لە لایەکەوە سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن و دروستکردنی هاوپەیمانین، هێزە کوردیەکان ئەگەر چی لە یەکەم ساتەکانی دوای هەڵبژاردنەوە هاواری یەکڕیزییان لێ بەرز بوەوەو هەموو داوای پێکەوەچونیان بۆ بەغدادیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد، کەچی ئێستا نەک ئەوەی یەکڕیز نین و هیچ پرۆژەیەکیان پێ نییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد، بەڵکو خەریکە وردە وردە لەسەر پۆستەکان و دابەشکردنی کێکی دەسەڵات پەرتەوازە و دژ بەیەک دەبن و لێدوانی توند دەخەنە نێو میدیاکانەوەو سەرقاڵی پلانگێڕین لە دژی یەک.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پشکی کوردەو بە پێی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی پۆستەکە لای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوە، لە خولی پێشوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پۆستەکە جیاواز لە خولەکانی پێشوو بوەتە مایەی ململانێیەکی توندی نێوان هەردوو حزبەکە.

 لە سالی ٢٠١٨ هەردوو هێزەکە بە دوو کاندیدی بەهێزەوە چونە ململانێی نێو پەرلەمانەوەو سەرەنجام کاندیدی یەکێتی کە دکتۆر بەرهەم سالح بوو توانی ببێتە براوەی ململانێکەو کلیلی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەستبهێنێت.

لەو کاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان کە توشی ئەو شکستە بوو دکتۆر بەرهەمی وەک سەرۆککۆمار خستە نێو لسیتی نەیار سەرسەختەکانیەوە چونکە شکستی بە کاندیدی تایبەتی بارزانی هێنابوو،پارتی زیاتر لە سالێک هیچ مامەڵەیەکی فەرمی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم نەکرد وەک سەرۆککۆمار، بەلام ڕوداوەکانی هەرێم و عێراق رێگەیان نەدا درێژە بەو دۆخە بدرێت وچەند جارێکی تر سەرکردەکانی پارتی و دکتۆر بەرهەم لە دەوری یەک مێز کۆبونەوەو سەرۆککۆمار لە بەغدادەوە دووجار هاتە هەولێر و هەرسێ سەرۆکایەتیەکەو سەرجەم هێزەکانی کوردستانی کۆکردوەو پێکەوە باسیان لە مەترسیەکانی سەرهەرێمی کوردستان کرد.

ناو بەناو پارتی و سەرۆککۆمار پەیوندیەکانیان بەرز و نزمی تێدەکەوت و هیچ کات بە سەقامگیری لە هیچ دۆخێکدا نەماوەتەوە.

لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان مەیلی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار نیشاندا و ئاشکرای کرد کە ئەگەر پۆستەکە بۆ پارتیش نەبێت دەبێت کەسێکی نێو یەکێتی پۆستەکە وەربگریێت کە پارتی لەسەری ڕزای بێت، کە بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن جگە لە دکتۆر بەرهەم سالح ڕزاین بە هەر کاراکتەرێکی نێو یەکێتی کە پۆستەکە وەربگرێت، هۆکاری ئەمەش دەگێرنەوە بۆ لەدەستدانی ئەو دوو کورسیە پەرلەمانیەی کە بە بڕیاری کۆمسیۆن لە پارتی وەرگیرایەوە بە بیانوی ساختەکاری و درایەوە بە کاندیدانی یەکێتی لە پارێزگای هەوڵیر و نەینەوا.

لە دوو ڕۆژی رابردودا گرژیەکان و لێدوانە توندەکان زیادی کرد و پارتی بە شێوەیەکی جیاواز لە جاران باس لە وەرگرتنی پۆستەکە دەکات و وتەبێژی ئەو حزبە دوو جار مەیلی حزبەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە نیشانداوە و ڕایگەیاندوە کە پارتی ئەو پۆستە بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت و هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی یەکێتی جارێکی تر پۆستەکە وەربگرێتەوە.

وتەبێژی پارتی بە رونی ئەوەی راگەیاند کە ئەو ڕییکەوتنەی یەکێتی باسی دەکات بۆ دابەشکردنی پۆستەکان کۆتایی هاتوەو هیچ کاراییەکی نەماوە لە نێوانیاندا، کە ئەمە یەکەمجار بوو بەرپرسێکی پارتی بەو شێوە ڕاشکاوە باس لە کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە بکات.

بۆ ڕۆژی دوایی جارێکی تر وتەبێژی پارتی بە توندی هێرشی کردە سەر یەکێتی و ئەو کەسانەی کە خولەکانی ڕابردودا سەرۆکایەتی کۆماریان کردوەو ڕایگەیاند چەند خولێکە پۆستەکە لای یەکێتییەو هیچ سودێکی نەبوە بۆ خەلکی هەرێم بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بە رێککەوتن ئەو پۆستە دیاری بکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێممان بەدەستهێناوە ئەو پۆستە بە شایستەی خۆمان دەزانین.

شارپرێس زانیویەتی ئەم فشارانەی کە پارتی دەیکات و داوای پۆستەکە دەکات بۆ ئەوەیە یەکێتی بیر لە ڕێککەوتنێکی نوێ بکاتەوە لەگەڵ پارتی و لەبری دکتۆر بەرهەم کەسێکی تر کاندید بکات بۆ پۆستەکە چونکە پارتی بڕیاری کۆتایی داوە بە هیچ جۆرێک ڕازی نەبێت بە کاندید کردنەوەی دکتۆر بەرهەم.

پارتی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕبردوودا دووان لە بەرپرسانی بالای یەکێتی بانگهێشتی پیرمام کردوەو پێشنیازی ئەوەی بۆ کردوون کە خۆیان کاندید بکەن و پارتی پشتیوانیان دەکات، هیچکام لەو دوو کەسە بەڵێنی تەواویان بە پارتی نەداوەو پێیان وتوون دەبێت یەکێتی خۆی تەکلیفی ئەو پۆستەمان بکات ئەگەر نا ئێمە داوای ناکەین چونکە دەزانین دکتۆر بەرهەم تا ئێستا بەهێزترین کاندیدی یەکێتییە.

وتەبێژی یەکێتی لە وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی پارتیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لێدوانە توند وزبرەکانی وتەبێژی پارتی کە گوزارشتە لە رای حزبەکەی خزمەت بە یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کورد ناکات و ئەوان پێداگری دەکەن لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ حزبەکەیان و هەر خۆشیان کاندیدی پۆستەکە دیاری دەکەن.

وتەبێژی یەکێتی وەک ئاماژەیەک بۆ شکستەکەی پارتی ئەوەشی وتوە کە ئەوان دەیانەوێت پۆستەکە جارێکی تر بۆ ئەوان بێت جا بە یەڕیزی بێت یان بە هەڵبژاردن بۆ ئەوان کێشەیەکی نییە چونکە پێشتر هەردوو رێگەکە تاقیکراوەتەوە.

ئێستا جارێکی تر یەکێتی و پارتی یان دروست بڵێین پارتی و دکتۆر بەرهەم سالح لە ململانێیەکی توندان و خەریکی دەستبادانی یەکترن ئاخۆ کامیان دەتوانێت بێتە براوەی ئەو ململانێیەو کۆتایی بە یارییەکە بهێنێت.

ڕەنگە ڕوداوەکانی ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، بەلام چاودێران و شارەزایان پێیان وایە دکتۆر بەرهەم سالح بەهێزترین و شیاوترین کاندیدی کوردە بۆ ئەو پۆستەو پشتیوانیی بێ چەند و چونی ئەمریکی و ئێرانیەکانیشی مسۆگەرەو نزیکترین لە کەسە کورسی سەرۆکایەتی وڵاتەوە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو.