شارپرێس:
کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمەریکی داهێنانێکی نوێی لە مۆبایلە چەماوە
هۆشمەندەکاندا پێشکەش کردووە، کە بریتییە لەوەی شاشەکە دەتوانرێت سێ جار
بچەمێنرێتەوە.
بەگوێرەی پێگەی " gizmochina" هەفتەی رابردوو لەلایەن
نووسینگەی داهێنانەکان و مارکە بازرگانییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (USPTO)، مافی داهێنانی مۆبایلی سێ جار چەماوە بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت
بەخشراوە.
بەپێی وێنەیەکی روونکارییی، شاشەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە لەکاتی کردنەوەی
شاشەیەکی قەبارە گەورەیە و بەهۆی بوونی دوو جومگەوە دابەش دەکرێت بۆ سێ شاشەی
جیاواز، لەکاتی پێچانەوەشیدا ئەوەندەی مۆبایلێکی هۆشمەندی ئاسایی لێدەمێنێتەوە.
لە وێنەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە شاشەی ژمارە 1 زۆر لە دوو شاشەکەی تر
گەورەترە، گریمانیش دەکرێت شاشەی ژمارە 1 زۆرینەی پێکهاتە ناوخۆییەکانی
مۆبایلەکە وەک پاتریی و کیبۆردی کۆنترۆڵی ناوەندیی تێدابێت.
باس لەوەشکراوە کە لەبەرئەوەی مافی داهێنانەکە تازە دراوە، بۆیە ناتوانرێت
مەزەندەی ئەوە بکرێت کەی مۆبایلەکە دەخرێتە بازارەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی