پەرلەمانتارێکی یەکێتى وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

کوردستان

10/01/2022‌ 4551 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ دەرهێنانی عیراق لە لیستی سپیكردنەوەی دراو و دەستگیرۆیی تیرۆردا و ڕایگەیاند، چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێم و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی رون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین.

لە راگەیەنراوێكدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندوە، پێشوازیی لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ لابردنی عیراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لەسەرە، لەم ساڵانەی دواییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەغدا بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەكانمان لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێكەوە كاریانكردوە بۆ روبەڕوبونەوەی باربوكردنی دارایی تیرۆرو تۆڕەكانی تاوان، لەنێویشیاندا ئەنجامدانی زیادكردنی ئاشكراو ئاڵۆگۆڕ و كاروباری نایاسایی بە دراو.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێم لەبواری دارایی گشتی و شێوازەكانی ئەنجامدانی گرێبەست و رێكارەكانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی ڕوون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە توانیویانە بەشێوەیەكی باشتر، چاودێری داهاتەكانیان بكەن لەڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسیستمی بانكی جیهانی و دەڵێت: ئێستاش لەڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی بانكی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

لەبەرامبەر ئەو قسانەى سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت فرۆشتنی نەوت لە هەرێم کە بەوتەى خۆی ڕوون و شەفافە، کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بابەتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ڕوون و شەفافە، بەڵام من ئەم چەند پرسیارەی خوارەوە لە جەنابیان دەکەم، کە ئایا دەتوانێت وەڵامی یەک پرسیاریشم بدەنەوە سەبارەت بە شەفافی نەوتی هەرێم.

گەزنەیی دەڵێت: هەر ئەمڕۆ، بە نمونە، نرخی یەک بەرمیل نەوت بریتیبووە لە (٧٩) دۆلار؛ بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی دیلۆییت کە جەنابتان باسی دەکەن، دەبێت بۆ یەک بەرمیل %٤٢ بمێنێتەوە. واتا بۆ هەر بەرمیلێک (٣٣.٥) دۆلار دەمێنێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، واتا بۆ یەک ڕۆژ نزیکەی (١٤.٥) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار، و بۆ یەک مانگ نزیکەی (٤٣٣) ملیۆن دۆلار. کە دەکاتە، (٦٤٠) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنها (٥١٨) ملیار دینار تەمویلی مووچە دەکات! 

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، تەنها بە ڕاپۆرتەکانی دیلۆییت زیاتر لە (١٢٠) ملیار دینار دیار نامێنێت و وەك خۆی دەەڵێت: تێبینی زۆری هەیە لەسەر ڕاپۆرتەکانی دیلۆییت و پێیوایە، ئەو ژمارە هێشتاش زۆر زیاترە هەم لە پارە و هەم لە نرخ.

دەپرسێت، کەواتە زەحمەت نەبێت پارەی نەوت چی بەسەر دێت؟

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە،  لە ساڵی (٢٠٠٧)-ەوە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت، وە لە هەمان ساڵەوە تا ئێستا حکومەت پارەی شایستەی کۆمپانیاکان دەداتەوە کە بە گوێرەی دواهەمیین ڕاپۆرتی دیلۆییت تەنها بۆ شەش مانگ (١،٣٥٠) یەک ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار بووە و نوسیویەتی:  زەحمەت نەبێت ئەم پارەیە بۆ تا ئێستا تەواو نەبووە.
س.س