بەرپرسێکی پارتی لەبارەی کاندیدی هاوبەشی یەکێتیی‌و پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار زانیاریی ئاشکراده‌كات

کوردستان

25/04/2022‌ 5395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى پارتى له‌به‌غدا ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ حزبه‌كه‌یی‌و یه‌كێتى لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ لەیەکنزیکبوونەوەو لێكتێگەیشتنێکیان هەبێت، ده‌شڵێت:"دواى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ى ناو ماڵى شیعه‌، پارتى‌و یه‌كێتى به‌كاندیدى خۆیانه‌وه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مان‌و ده‌چنه‌ كێبڕكێوه‌".


مەهدی عەبدولکەریم فەیلی وتەبێژی لقی به‌غداى پارتی بەپێگەی "مەوازین نیوز"ی ڕاگەیاندووە، "پارتى‌و یەکێتی لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ نزیکبوونەوەکیان نییە".

باسی لەوەشکردووە، ئەو کرانەوەیه‌ى دەوترێت کە لەدوای جەژنی ڕەمەزان لەپڕۆسەی سیاسییدا دروستدەبێت پەیوەندیی بەناوماڵی شیعییەوە هەیە.

ده‌شڵێت:"ئەو کرانەوەیه‌ پەیوەندیی بەڕێککەوتنی لایەنە شیعییەکانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، نەوەک پۆستی سەرۆک کۆمارو ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان".

ئەوەشی وتووە، "بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەدوای ڕێککەوتنی لایەنە شیعییەکان هەر ڕوودادات، لەبەرئەوەی پارتى‌و یەکێتی دەستیانگرتووە بەکاندیدەکانی خۆیانەوە، بۆیە هەریەکەیان بەکاندیدی خۆی دەچێتە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە لەناو پەڕلەماندا".