جیاوازی چییە لەنێوان نۆرەدڵێ و سەکتەی دڵ؟

تەندروستی

29/04/2022‌ 782 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بەگشتیی زۆرکەس جیاوازیی لەنێوان نۆردڵێ و سەکتەی دڵدا ناکەن، هەرچەندە هەردووکیان دۆخێکی پزیشکیی کتوپرن و کاریگەریی دەکەنە سەر دڵ، بەڵام لەیەکتر جیاوازن، لەوبارەیەشەوە کۆمەڵەی ئەمەریکی بۆ دڵ، جیاوازیی لەنێوان ئەو دوو حاڵەتە کردووە.


کۆمەڵەی ئەمەریکی بۆ دڵ باسی لەوەکردووە، کە نۆرەدڵێ گرفتێکە لە سووڕی خوێندا درووست دەبێت، بەڵام دووەمیان گرفتی کارەبایی دڵە.

لە حاڵەتی جەڵتەی دڵدا، خوێنبەرە داخراوەکە ڕێگری دەکات لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەو بەشەی  کە لەلایەن خوێنبەرەکەوەبۆی دەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی ئەم بەشەی دڵ، بەڵام لەحاڵەتی سەکتەی دڵدا، پەککەوتنێک لە دڵدا درووست دەبێت و لەپڕ لەلێدان دەکەوێت.

سەکتەی دڵ بەگشتیی لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە ڕوودەدات، ئەویش کاتێک دڵ لە ڕەوانەکردنی خوێن بۆ سەرجەم بەشەکانی جەستە دەوەستێت، بۆیە دەکرێت هەرکەسێک بێت لەماوەی چەند خولەکێکدا لەهۆش بچێت و گیان لەدەست بدات، ئەگەر بێت و چارەسەری خێرای بۆنەکرێت. نۆرەدڵێش هۆکاری درووستبوونی زۆر حاڵەتی سەکتەی دڵە.

یەکێک لە هۆکارە باوەکانی وەستانی دڵ بریتییە لە ناڕێکی لێدانەکانی دڵ، ئەویش کاتێک بازنە کارەباییەکانی دڵ بێسەرەوبەرە دەبێت، لەجیاتی ترپەکردن دڵ دەلەرزێت.

لەو هۆکارانەی تر کە مەترسیی تووشبوون بە سەکتە و نۆرەدڵێ زیاد دەکەن بریتین لە: بەتەمەنداچوون، رەگەزی پیاوان زیاتر تووشدەبن، مێژووی نەخۆشییەکە لەناو بنەماڵەکەدا، خواردنی ماددە هۆشبەرەکان، خواردنەوەی کحوول، جگەرەکێشان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، قەڵەویی، نەخۆشیی شەکرە و پەککەوتنی گورچیلەکان.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی